لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی نزمترین ئاستی تۆماركرد
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی پرسی قه‌شه ئه‌مه‌ریكییه‌كه كه له توركیا ده‌ستبه‌سه‌ره، گری كه‌وته په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره كه ماوه‌ی دوو رۆژی گه‌یشتۆته ئاڵۆزترین دۆخ، لیره‌ی توركی له بازاڕه‌كانی جیهان به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی نزمترین ئاستی تۆماركرد.
به‌گوێره‌ی داتاكان، ئه‌مرۆ له بازاڕه‌كانی جیهان نرخی یه‌ك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر 5 لیره‌ی توركی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی واشنتۆن سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌سه‌ر هه‌ردوو وه‌زیری داد و ناوخۆی توركیای راگه‌یاند.
جگه له‌مه‌ش، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ڵئاوسان و مه‌ترسییه‌كانی په‌یوه‌ست به سه‌ربه‌خۆیی بانقی ناوه‌ندی توركیا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته، كه داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی قازانج ده‌كات، لیره‌ی توركی پێنجه‌كی "یه‌ك له‌سه‌ر پێنج"ـی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه، به‌مه‌ش ئه‌و وڵاته كه‌وتۆته سه‌ر لێواری قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری.
H.B