ھێشتا مەرزی كێلێ نەكراوەتەوە

"رۆژانە 100 تا 150 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو مەرزەوە دەکەن"

K24 - رانیە

ماوەی سێ رۆژە بەھۆی بارینی بەفری زۆر رێگای دەروازەی کێلێ داخراوە و جموجۆڵی بازرگانی لەو دەروازەیە وەستاوە.

ئاراس ئەمین پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین راگەیاند: "تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاوەدانکرداەوەی راپەڕین لە هەوڵی کردنەوەی رێگاکەدان بۆ ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە".

پێشتر جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوبەری گومرگی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاندبوو "لە نزیک مەرزی كێلێ بەفرێکی زۆر باریووە و تیمەکانمان هەوڵی کردنەوەی رێگاکە دەدەن، بەڵام لەسنووری مەرزی ئێرانیش بەفرێکی زۆر باریووە و لەوێش رێگا گیراوە و بازاڕچەی ناو مەرزەکە وەستاوە".

بەوتەی بەڕێوبەری گومرگی راپەڕین رۆژانە 100 تا 150 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو مەرزەوە دەکەن، بۆیە گیرانی مەرزەکە کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی سنوورەکە بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتی دەبێت.