ماركە جیھانییەكان پشت لە بازاڕەكانی ئێران دەكەن

گەمارۆكان سەر ئێران ژیانی خەڵك سەختتر دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بازاڕی مۆبایلی ئێران یەکێک لە بازاڕە پڕ جموجۆڵەکانی ئەو وڵاتەیە کە خەریکە لە ژێر قورسایی گەمارۆ ئابوورییەکاندا بە تەواوی سست دەبێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، 88 ملیۆن ئامێری مۆبایل لە ئێران کاریان پێدەکرێت و ئەمەش كار بۆ چەندین پیشەوەری بچووکی پەیوەندیدار بە چاککردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی مۆبایلی بە دوای خۆیدا هێناوە.

رۆژنامەی شەهروەندی ئێران لە سەر زاری چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، مارکەکانی مۆبایل لە لایەن وڵاتەکانی خۆیانەوە گوشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی ئێران بەجێ بێڵن. تا ئێستا سۆنی بە تەواوی ئێرانی جێ هێشتووە. هۆواوی خەریکە ئامادەکاری دەکات بۆ رۆیشتن و سامسۆنگیش کە 51%ی بازاڕی ئێرانی بە دەستەوە بووە، ئەگەرچی هێشتا نەڕۆیشتووە، بەڵام زۆربەی مارکە نوێیەکانی هەناردەی ئێران ناکات.

جیا لەوەی هۆکاری کشانەوەی ئەم کۆمپانیایانە، ترس لە سزاکانی ئەمەریکایە خەڵکی ئێران ئیتر توانای کڕینی زۆربەی مارکە نوێیەکانیان نەماوە. بە هۆی دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاردا، هاندێکی مۆبایل لە ئێران نرخی گەیشتووەتە نێوان 10 تا 20 ملیۆن تومەن. نرخێک تا بەر لە گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، ئوتۆمبێلێکی پێ دەکڕدرا.

هەموو ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمساڵ فرۆشتنی هاندی مۆبایل نیوەی ساڵی رابردوو بێت و جیا لەوەی خەڵک روو لە چاک کردنەوەی هاندە مۆدێل کۆنەکانیان بکەن، زۆربەی فرۆشیارانی مۆبایلیش یا دووکانەکانیان دادەخەن و یا بوون بە وەستای چاککردنەوەی مۆبایلە کۆنەکان.

ھ.م