ئێران و عێراق چەند رێككەوتنامەیەكی بازرگانی واژوو دەكەن

ئێران 10 كۆمەڵگای پیشەسازی لە عێراق دروست دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

کۆماری ئیسلامیی ئێران داوا دەكات، لە پاش شەڕی داعش کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە لە ئاوەدان کردنەوەی عێراقدا رۆڵی سەرەکییان هەبێ و بۆ ئەم مەبەستەش لە تارانی پایتەختی ئێران، هەردوو وەزارەتی پیشەسازی ئێران و عێراق رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئێران 10 کۆمەڵگەی پیشەسازی لە عێراقدا دروست بکات.

محەمەد رەزا نیعمەتزادە، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و بازرگانیی ئێران رایگەیاند: "ئەو رێککەوتننامەیەی واژووکراوە بە مەبەستی هاوکاری بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی پیشەسازی و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازیی عێراق و پرۆژەی ئاودان کردنەوە بوو، هیوادارین کۆمپانیا ئێرانییەکان و بەتایبەت کۆمپانیاکانی ئەندازیاری و پیشەسازی بە بەشداریکردنی چالاکانەیان یارمەتیدەربن بۆ ئاوەدانکردنەوە و سەرمایەگوزاری لە عێراق".

ھەر لەبارەی رێككەوتنەكانی نێوانیان محەمەد شیاع ئەلسوودانی، وەزیری پیشەسازیی عێراق گوتی: "شانده‌كه‌مان نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و یه‌كێتی پیشه‌وه‌رانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی جیاواز له‌خۆده‌گرێت. ئامانجی ئه‌و سه‌ردانه‌مان، بۆ ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌بواری دروستكردنی شاری پیشه‌سازیدا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها مه‌به‌ستێكی دیكه‌مان بۆ ئیمزاكردنی كۆمه‌ڵێك گرێبه‌سته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ رێكخراوه‌ دامه‌زراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای وه‌به‌رهێنانی ئێرانی بۆئه‌وه‌ی كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمپانیا عێراقیه‌كاندا بكه‌ن. ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستمان ئیمزاكرد و له‌داهاتووشدا، هه‌ردوو وڵات لێژنه‌ی تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ پێكده‌هێنن".