دوای ئێران حکوومەتی هەرێم بە دوای دەرچەی بازرگانی دیکەدا دەگەڕێت

ئێران ناتوانێت چیدیکە هەندێک لە کاڵاکانی بۆ هەرێم هەناردە بکات

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران و دابەزینی به‌های تومه‌ن، حکوومەتی ئێران ناچارە هەندێک لە کاڵاکانی چیدیکە هەناردە نەکات و لەناوخۆی وڵاتەکەی بهێڵێتەوە، ئەمەش وا لە حکوومەتی هەرێم دەکات بە دوای دەرچەی بارزگانی دیکەدا بگەڕێت.

شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ چەند كۆمپانیای گەورەی پۆڵەندی كۆبوونەتەوە لەبارەی پركردنەوەی پێداویستی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و بۆ ئه‌م مەبەستەش پۆڵەندا ئامادەیی خۆی نیشانداوە.

 شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەشكرد: "دەستیان كردووە بە دۆزینەوەی دەرچەیەكی دیكەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان و چەندین وڵاتیش ئامادەن ببنە جێگرەوەی بازرگانی ئێران لەگەڵ كوردستان".

بەهۆی وەستانی هەناردەی چەند کاڵایەکی ئێرانی، نرخی هەندێک کاڵا لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، تەماتە یەکێکە لەو کاڵایانە. لە ئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو خواردن و شتومەکانەی رۆژانە بەکاردێن، بە دوای سەرچاوەی دیکەدا دەگەڕێت.

H.J