زیاتر لە 18 ملیار دۆلار بۆ عێراق كۆدەكرێتەوە

نزیكەی 45 وڵات بەشداری كۆنگرەكە دەكەن

K24 - ھەولێر

حكومەتی كوێت بڵاویكردەوە، لە كۆنگرەی نۆژەنكردنەوەی عێراق، 43 وڵات بەشدار دەبن و بڕیاریشدراوە كۆمەك و ھاوكارییەكان 200 ناوچەی عێراقی پێ نۆژەن بكرێتەوە.

لە بەیاننامایەكدا حكومەتی كوێت ئاشكرایكرد، بڕیارە كۆنگرەی نۆژەنكردنەوەی عێراق لە كوێت و لە 12 تا 14 شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، كە تیادا چەندین وڵاتانی عەرەبی و لەسەرووشیانەوە ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاو چین و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی بەشداری دەكەن.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، 43 وڵات و رێكخراو بانك بەشداری ئەو كۆنگرەیە دەكەن و پێشبینی دەكرێت نزیكەی 18 ملیار دۆلار بۆ عێراق كۆبكرێتەوەو كوێتیش 100 تا 150 ملیۆن دۆلاری لە چوارچێوەی ئەم كۆنگرەیە بۆ ناوچە زیان لێكەوتووەكانی عێراق تەرخانكردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی شەڕی داعشدا زۆر لە ناوچەكانی عێراق زیانی زۆریان بەركەوتووە، وەك پێشتر راگەیەندراوە نۆژەنكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری پێویستە.