به‌غدا مریشكی كوردستان قه‌ده‌خه‌ ده‌كات

ھۆكارێك دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

بە بڕیارێكی بەغدا، ھەناردەی مریشكی كوردستان و بەتایبەتی سلێمانی، بۆ پارێزگاكانی عێراق قەدەخە دەكرێت.

بەرھەمھێنانی مریشك لە شاری سلێمانی بەجۆرێك زیادیكردووە كە توانای پركردنەوەی ھەموو پێداویستییەكانی شارەكەی ھەیە و لەھەمانكاتیشدا توانای ھەناردەكردنی بەشێكی زۆری بۆ سەرجەم پارێزگاكانی باشووری عێراق ھەیە، بەڵام بەغدا رێگرە لە گەیشتنی ئەو مریشكانە بۆ پارێزگاكانی. 

بەگوێرەی نوسراوێك كە لە ڤێتەرنەری عێراقییەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كراوە، داوا دەكات رێگری لە ھەناردەكردنی ئەو مریشك و ھێلكانە بكرێت كە لە ھەرێمی كوردستانەوە بەرھەمدێت، ھۆكارەكەیشی بۆ بوونی نەخۆشی گەڕاندەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە تا ئێستا ھیچ نەخۆشییەك لە پەلەوەرەكانی كوردستاندا تۆمارنەكراوە، بەڵكو ئەو نەخۆشیە لە باشووری عێراقدا بوونی ھەیە و رێگریكردن لە ھەناردەی مریشكی ھەرێم بۆ باشووری عێراق، زیان بە كێڵگە پەلەوەرییەكان دەگەێنێت.