رۆژانه چاره‌كێك به پێ رۆیشتن ئابووری جیهان به‌هێز ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
ره‌نگه به بڕی 100 ملیار دۆلار له ساڵێكدا ئابووری جیهان گه‌شه بكات و به‌هێز بێت، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن كاره‌كان، كرێكاره‌كانیان هانبده‌ن په‌یڕه‌وی رێسا و رێنماییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی بكه‌ن له باره‌ی وه‌رزش كردنه‌وه.
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ریخستووه، چالاكی جه‌سته كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر چالاكی ئابووری هه‌یه.
گرووپی ڤایتالتی بۆ ده‌سته‌به‌ری پزیشكی و سه‌نته‌ری راندی ئه‌وروپا بۆ توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه، رۆژانه چاره‌كێك به پێ رۆیشت، به‌رهه‌م زیاد ده‌كات و ناوه‌ندی رێژه‌یی ته‌مه‌نیش هه‌ڵده‌كشێنێت و سه‌ره‌نجامیش گه‌شه‌ی ئابووری جیهان به‌ره‌و پێش ده‌بات.
توێژه‌ران ده‌ڵێن، باشبوونی ئابووری ده‌بێته هۆی پاشه‌كشێ كردنی ناوه‌ندی رێژه‌یی مردن و كرێكاران ته‌مه‌نێكی زیاتر ده‌مێنن و به‌شداری ده‌كه‌ن له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌ی ئابووریدا.
هانز بۆنج، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری راندی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، ئه‌و توێژینه‌وه‌یه، سه‌لماندوویه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز هه‌یه له نه‌جووڵان و كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م و به پێچه‌وانه‌شه‌وه هاوكێشه‌كه راسته.
رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهان داوا له هه‌موو پێگه‌یشتووان ده‌كات، 150 خوله‌ك به لانی كه‌م وه‌رزشی سووك بكه‌ن، یاخود 75 خوله‌ك وه‌رزشی قورس بكه‌ن له هه‌فته‌یه‌كدا.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا زانیاری له باره‌ی 120 هه‌زار كه‌س له 7 وڵات كۆكراوه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها سوودی ئه‌و هه‌نگاوه بۆ ئابووری 23 وڵات ئاشكرا كراوه.
توێژینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه، هه‌موو ئه‌و كرێكارانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 18 تا 64 ساڵه، ئه‌گه‌ر رۆژانه 15 خوله‌ك به پێ بڕۆن، ئه‌وا ده‌توانن ساڵانه به بڕی 100 ملیار دۆلار به‌رهه‌م زیاد بكه‌ن و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری جیهان ده‌بێت.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز