گەشتیارانی ئێران لە دەروازەكان باجی زۆریان لێوەردەگیرێت

"لەبەر زۆریی باج، كەم سەردانی ئێران دەكەینەوە"
kurdistan24.net

K24باشماخ

گەشتیارانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، کە لە ئێرانەوە دێنە کوردستان، نیگەرانن لەو باجە زۆرەی لە ئێران وەردەگیریت، بەشێك لەو گەشتیار و ھاووڵاتییانەش دەڵێن، ناتوانن زوو زوو سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، چونكە چەندجار زیاتر بێن، باجی زیاتریان لێوەردەگیرێت.

حەكیم محەمەد، لە وڵاتی ئێرانەوە بە مەبەستی کاردکردن ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان، ئەو ناڕازییە لەو باجەی لەلایەن ئێرانەوە دانراوە و دەڵیت "بە ناچاری كاتەكانی مانەوەم لێرە درێژە پێدەدەم، چونکە تا ھاتنم بۆ کوردستان زیاتر بێت، دەبێ باجی زیاتر بدەم. بەم ھۆیەوە زۆرێک لە ھاوکارەکانم ناتوانن دووبارە لەگەڵم بێنەوە بۆ كاركردن".

ساڵانە بە رێژەی جیاواز ھاووڵاتیان لە مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخەوە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەرپرسی راگەیاندنی ئەو مەرزەش دەڵیت "راستە بڕی باجەکان بۆگەشتیاران زۆره‌، بەڵام ئەمە نەبووەتە ھۆی کەمبوونەوەی رێژەی ھاتنی گەشتیاران".

دەروازەی سنووری باشماخ یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، رۆژانە جموجوڵی بازرگانی و گەشتیاری لەم دەروازەیەوە دەکرێت و داھاتێکی ئابووریی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، بە جۆرێك لە ساڵی 2018 رێژەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان 377 ھەزار و 900 گەشتیار بووە، ھەروەھا رۆیشتنی گەشتیار بۆ وڵاتی ئێران لەو دەروازەیەوە 365 ھەزارو 191 گەشتیار بووە، ئەم رێژەیە بە بەراورد بە ساڵی 2017 لە 30% زیادیكردووە.