حكوومه‌تى هه‌رێم: مووچه‌ى مانگى ئادار دواده‌كه‌وێت

بڕیاردرا بە زووترین کات بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان چاک بکرێتەوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b4ea502c-8f2b-41f6-99d8-6a56107c9a46/kobunawai%20hkumat1.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی، کە بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە زووترین کات بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا چاک بکرێتەوە، چونکە بەھۆی تەقاندنەوەی بۆڕییەکە چەند رۆژە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە وەستاوە. گوته‌بێژى حكوومه‌تيش رايگه‌ياند، به‌و هۆيه‌وه‌ مووچه‌ى مانگى ئادارى داهاتوو دواده‌كه‌وێت.

تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا، رۆژانە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابووریی ھەرێمی کوردستان ده‌خات.

زيانمەندی یەکەمیش فەرمانبەرانن، چونکە ئەو مووچەیەی دەدرێتە فەرمانبەران لە داھاتی مانگانەی نەوت دابین دەکرێت.

ئەم ھەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک تەواو دەبێت، لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بنێرن، بۆ ئەوەی لەو داھاتەی حکوومەت لە مانگی یەک کۆی کردووه‌تەوە، مووچەی مانگی شوباتی پێ دابەشبکات، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەکە مووچەی مانگی سێ دوا دەخات.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، جارێکی دیکە په‌يكه‌رى سەرجەم وەزاره‌تەکان رێکبخرێتەوە و رەنگە ھەندێ وەزارەت تێکەڵبکرێن، لەمەودوا وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێم بەشێک لەو داھاتەی دەستی دەکەوێت وەکوو مووچەی مانگانە دەیداتە کارمەندەکانی.