كوردستان بووەته بازاڕی ساخكردنەوە بۆ میوه‌ی بیانی
K24 - سلێمانی
حکومەتى عێراق رایگه‌یاندووه ئەو بەرهەمانەى هاوردەى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێن زۆرجار لە کوالێتى کۆنترۆڵ دەرناچن، بە تایبەتى بەرهەمى میوە و سەوزەکان، له نێویشیاندا ئاماژه‌ی به جۆرێك سێوی ئێرانی داوه، بازرگانانیش حكوومه‌ت به‌بێ پلان و به‌رنامه ده‌زانن كه نه‌یانتوانیوه بازاڕی به‌رهه‌می ناوخۆ و كۆنتڕۆڵكردنی به‌رهه‌می هاورده‌كراو، رێكبخات.
سەروەت عه‌لى، سەرۆکى لیژنەى سەندیکاى بازاڕى گشتى سەوزەو میوەی سلێمانی، بە كوردستان24 گوت: "ئەو سێوانەی لە كوالیتی كۆنترۆڵ دەرناچێت، كێشەی بۆ ئێمە دروست كردووە، چونكە خەرجییەكی زۆر دەكەوێتە سەر ئێمە، لەو كاتە كە دەرناچێت دەبێ بیگێڕینەوە و ھەموو خەرجیەكان بكێشین".
یەکێك لەو میوانەى بەهۆى کەمى وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان، لەوڵاتانى دراوسێوە هاوردە دەکرێت، سێوە کە لە ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەو سێوەى لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، زۆرجار لە کوالێتى کۆنترۆڵەوە دەرنەچووە و له بازاڕه‌كانیشدا به خراپترین جۆری له‌لایه‌ن بازرگانانه‌وه ناسێنراوه.
وەسفیە خالید، سەرۆکى لیژنەى کشتوکاڵ لە ژوورى بازرگانى سلێمانی دەڵێت: "سێوی زۆرباش و كوالێتی بەرز كە نرخەكەی بەرزە، لە ئێرانەوە دەنێردرێت بۆ ئەوروپا و وڵاتانی خەلیج، دوو جۆرەكەی دیكە بۆ كوردستان دەنێردرێت، جۆرێكیان مامناوەندییە، ئەو جۆرەیە كە ماوەكەی بەسەردا تێپەڕیووە یان لە داركەوتووەتە خوارەوە، جۆری سێیەمیشی كە بۆ ئێمە دێت كێشەی زۆرمان بۆ دروست دەكات، ئەو جۆرەیە كە لە ساردخانە ھەڵگیراوە و ناوەكەی رەشبووە، ئەم جۆرە لە رووی كوالیتییەوە زۆر خراپە".
ئاستى به‌رهه‌مهێنانی بەشێکى زۆرى سه‌وزه و میوه‌و به‌رهه‌مه کشتوکاڵییه‌كان لە هەرێمى کوردستان، لەم چەند ساڵه‌دا لە سەرو ئاستى پێداویستییە ناوخۆییه‌كانه‌وه بووە، بەڵام بەهۆى نەبوونى پلان و بەرنامەیەك لە لایەن حکومەتى هەرێمەوە نەتوانراوە، بەرهەمە خۆماڵییەکان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بە بازاڕ بکرێن و ئاستى هاوردەکردنى به‌رهه‌می ده‌ره‌كیش رێکبخرێت.
داڕشتنەوە: ھ.م