"گەندەڵی گەورەترین كێشەی عێراقە"

گەندەڵی لە عێراق زیاتر تەشەنە دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، گەندەڵی گەورەترین كێشەی عێراقە. بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، گەندەڵی و بردنە دەرەوەی پارە لە عێراق كاریگەری كردووەتە سەر بودجەی ساڵانە و وایكردووە بوودجەی عێراق تووشی كورتھێنان ببێت.

"گەورەترین كێشەی عێراق گەندەڵییە"، ئەمە قسەی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق، سەبارەت بە كێشە و پرسە ئابوورییەكانی ئەو وڵاتە.

لەوبارەوە ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی جیھانی، كە تێیدا ریزبەندی وڵاتە گەندەڵەكانی خستووەتەڕوو، عێراق یەكێكە لە وڵاتە گەندەڵەكانی جیھان. ئێستا عێراق لە قەیران دایە، پڕۆژە بودجەیان ناردووەتە پەرلەمان كورتھێنانی تێدایە".

مانگێك لەمەوبەر ئابووریناسێكی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، لە دوای ساڵی 2003ـەوە تائێستا 250 تا 350 ملیار دۆلار براوەتە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەم ئامارانە نافەرمین. ھێشتا دیار نییە رێژەكە لەوە زیاترە یاخود نا. چونكە لێكۆڵینەوە لەم كەیسانە تا ئێستا ئەنجام نەدراون.

بردنە دەرەوەی پارە ھۆكاری سەرەكی قەیرانی دارایی عێراقە، پارەكان لەلایەن دەسەڵاتداران و ھێزە چەكدارەكان رەوانەی دەرەوە كراون، ئێران و ئەمەریكا و لوبنان و ئەڵمانیاش لە دیارترین ئەو وڵاتانەن كە پارەكانیان بۆ نێردراوە.