"ئابووری عێراق لە لێواری داڕمانە"

وەزیری دارایی عێراق: کارەساتی ئابووری چاوەڕێمانە

K24 - ھەولێر

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز هەیە بۆ چاکسازی ریشەیی وڵات، کە لە ئاست داواکارییەکان بێت و قەیرانی دارایی چارەسەر بکات لە کاتێکدا لە لێواری داڕمانە.

عەلی عەلاوی لە لێدوانێکی بۆ ئاسۆشیەتد پرێس رایگەیاند، ئێستا ئیرادەیەک هەیە زۆر بە هێزترە لە پێنج مانگی رابردوو، چونکە ئەگەر پەرجووێک لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت روونەدات، پێویستە رێوشوێنی گونجاو بگیرێتە بەر و ئیدارە بدرێت.

ئەو دابەزینەی نرخی نەوت وایکردووە، داهاتی عێراق بۆ نزیکەی نیوە دابەزێت، بەهۆی پشتبەستنیش تەنیا بە داهاتی نەوت حکومەت هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئەوتۆی داهاتی نییە.

بەردەوامی کورتهێنانیش مانگ لە دوای مانگ، ناڕوونییەکانی ده‌ربارەی چۆنییەتی دانەوەی قەرزەکان لە داهاتوو وەک قەرزی گشتی و دەرەکی ناڕوونتر کردووە.

بە مەبەست چارەسەرکردنی دۆخەکەش، كابینەی حکومەتی مستەفا کازمی پەڕاوی سپی، کە لە 95 لاپەڕەی چاکسازی ئابووری پێکدێت ئامادەیکردووە.

لەبارەی پەڕاوەکەوە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئەوە پلانە چوارچێوەیەکی ستراتیژی و سیاسی ئابووری عێراقی نوێیە، لە کۆتایی جێبەجێکردنی گۆڕاکاریی و چاکسازییەکان، ئابوورییەکی دووبارە پەیکەربەند دروست دەبێت، کە ئەوە ئامانجی سەرەکییە.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، کە بەشێک لە لایەنەکانی ئەو پەڕاوه‌ سپییە لە پڕۆژە بودجەی 2021 جێگیر دەکەن، ئەوەش پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمانە، لە هەمان کاتدا پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ کەرتەکانی کارەبا و نەوت وردبینی پێویستە.

دەشڵێت، بەشێکی گەورەی کێشەی دارایی، ئەو پاڵپشتییە زەبەلاحەیە پێشکەشدەکرێت، ئەوەش راستەوخۆ لە پڕۆژەی بودجەی 2021 چارسەر دەکەن.

لە هەمانکاتدا لە بەشێکی دیکەی پەڕاوی سپی جەخت لە کەمکردنەوەی کرێی گشتی لە 25% کۆی بەرهەمی ناوخۆ بۆ 12% کراوەتەوە. کە ئەو هەوڵەش بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکان پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێت.

عەلاوی دەشڵێت، مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2004 لە 20%ی داهاتی نەوتی پێکدەهێنا، بەڵام ئەو رێژەیە ئێستا بۆ 120% بەرزبووەتەوە. بۆ ئەوەش پڕۆژە یاسایەکیان بۆ وەرگرتنی 35 ملیار دۆلار ئامادە کردووە، چاوەڕێی دەنگدانی پەرلەمانن. هیواش دەخوازێت کە پەسەندی بکەن و هۆشداری دەدات ئەگەر پەسەند نەکرێت جێگرەوەی دیکەیان هەیە، بەڵام زۆر سەختە.