كەرتی گەشتیاری جیھان نیو ترلیۆن دۆلار زیانی پێدەگات

بۆ گەڕانەوەی دۆخی پێشتر چوار ساڵ دەخایەنێت

K24 - ھەولێر

لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بەھۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كەرتی گەشتیاری لەسەرانسەری جیهان نیو ترلیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە.

رێكخراوی گەشتیاری جیھانی رایگەیاند، لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كەرتی گەشتیاری 460 ملیار دۆلار زیانیكردووە، ھەروەھا ژمارەی گەشتیاران لە جیھاندا بەھۆی داخستنی سنوور و سەپاندنی كۆمەڵێك رێكار لەسەر رێبواراندا،  بەرێژەی 65% داكەوتووە، لە ئەنجامیشدا زیانەكانی 5 ھێندە گەورەتر بوون لەوەی كە لە قەیرانی ئابووری 2009دا تۆماركراوە .

رێكخراوەكە ئاماژەیداوە، بە ملیۆنان كەس، کە پشتیان بە كەرتی گەشتیاری بەستووە بۆ بەدەستھێنانی داھات و ئەو دۆخەش كاریگەری زۆر خراپی لەسەر گوزەرانیان داناوە.

راشیگەیاندووە، گەڕانەوەی كەرتی گەشتیاری بۆ ئاستەكانی ساڵی رابردوو، دوو بۆ چوار ساڵی دیكە دەخایەنێت.

لە راپۆڕتی رێكخراوی گەشتیاری جیھاندا ھاتووە، ناوچەی ئاسیا و زەریای ھێمن كە كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێش ھەموو ناوچەكانی دیكە، لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەریان بە روونی دیار بوو، زیانی زۆریان لە كەرتی گەشتیاری تۆماركردووە، بە جۆرێك ژمارەی گەشتیاران لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بەرێژەی 72% دابەزیوە، دواتر ئەوروپا دێت و ژمارەی گەشتیاران بەرێژەی 66% و دواتر ھەر یەك لە ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دێت بەرێژەی 57% دابەزیون، ھەرچی توركیایە لە رووی گەشتیاری بیانییەوە كە روو لەو وڵاتە دەكەن ، لە نیوەی یەكەمی 2020  بەرێژەی 75% كەمبووەتەوە لەسەر بنەمای ساڵانە.

رێكخراوەكە دەڵێت، لە سەرەتاكانی مانگی رابردوو 53%ـی ئاڕاستەكان دەستیان بە سووكردنی بەربەستەكانی گەشتكردن كردووە و بەگرنگی دەزانێت كە ھەماھەنگییەك لەنێوان حكومەتەكان و كەرتی تایبەت ھەبێت بۆ ئەوەی جوولەی گەشتیاری لە جیھان خێراتر بێت.