پێشانگایەكی ئۆنلاین لەنێوان ھەرێمی كوردستان و چین بەڕێوەدەچێت

چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت

K24 - ھەولێر

بە مەبەستی گەشەپێدانی بارزگانی لەنێوان ھەردوولادا، پێـشانگایەكی ئۆنلاین لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی جێجانگی چین لەبواری بازرگانی بەڕێوەدەچێت.

لە 24/11/2020 پێشانگای ئۆنلاین و کۆبوونەوەی ڤیدیۆ لایڤ، لەنێوان بازرگانانی ھەرێمی کوردستان و هەرێمی جێجانگی  چین دەستپێدەکات و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، ئەم پێشانگایە و زنجیرە کۆبوونەوانە بەشێوەی ڤیدیۆ لایڤ، لەلایەن لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکاران و گرووپێکی چینی تایبەتمەند بەپێشانگا و کۆبوونەوەی بازرگانی رێکخراوە.

لەو پێشانگا ئۆنلاینەدا لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان و دەستەی وەبەرھێنان و بەرپرسانی دیكەی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی كوردستان و هەرەوەها کونسوڵی چین لەهەولێر و راوێژکاری بازرگانی باڵیوزخانەی کۆماری چینی میللی لە بەغدا و بەرپرسانی بەشی ئابووری لە هەرێمی شەنگەهای بەشدار دەبن، لەھەمانكاتدا ژمارەیەکی زۆری خاوەن کۆمپانیای هەردوولا بەشداری دەکەن.