باران ئاستی ئاوی بەنداوەكانی بەرزكردەوە

"ئاوی بەنداوی دوكان زیادیكردووە"
kurdistan24.net

K24 - رانیە

بارانبارینی ئەمساڵ ئەگەر چی زیانی ماددی زۆری بە هاووڵاتیان و پڕۆژەکانی حکوومەت لە هەندێك ناوچەی هەرێمی کوردستاندا گەیاندووە، بەڵام سوودێكی زۆری بۆ بەنداوەکانی ئاویش ھەبووە، بە جۆرێك ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو زۆر زیادیكردووە.

بەنداوی دوکان یەکێکە لە بەنداوە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە زێی بچووك کە بەکۆڵەکەی پشتی بەنداوەکە دادەنرێت لەلایەن ئێران گیراوەتەوە، بەڵام بەهۆی باران بارینەوە ئاستی ئاوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

بە گوێرەی داتاكانی كەشناسی ئەمساڵ رێژەی باران بارین بەراورد بە ساڵی پار تائێستا لە دەڤەری راپەڕین  سێ بەرامبەرە، بەو پێیەش کە تەواوی روبارو کانی و پاشماوەکانی ئاوی باران لەو سنوورە دەڕژێنە زێی بچووک و بەنداوی دوکان، ئەو بڕە بارانەی سەرەتای وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ باریووە، بۆ ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی و پڕ بوونەوەی بەنداوی دوکان دڵخۆشکەرە.

بەنداوی دوکان لەپاڵ 17 بەنداوی هەرێمی کوردستان یەکێك لە دوو بەنداوە گەورەکانە کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بڕی بارانبارینی ئەم ساڵ وایکردووە تێکڕای ئاوی بەنداوەکە بەبڕی زیاتر لە ملیارێک مەتر سێجا زیاد بکات، ئەو بڕەش بە بەرزی مەترێك و 50 سانتیمەتر زیاتر بەستوونی، ئاستی ئاوی بەنداوەکەی بەرز کردووەتەوە.