"عێراق بەرھەمی نەوت زیاد دەكات و كەرتی كارەبای وێرانە"

"حكوومەت كەمتەرخەمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانی ئاو و كارەبا"

K24 - ھەولێر

ئاژانسی بڵۆمبێرگ بڵاویكردووتەوە، عێراق سەرەڕای ئەوەی یەكێكە لە گەورەترین بەرھەمھێنەرانی نەوت لە جیھان، بەڵام تا ئێستا بەدەست كێشەی كارەباوە دەناڵێنێ.

بڵۆمبرێگ لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە "عێراق لە داھاتوودا دەبێتە گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوت لە جیھاندا، كەچی تائێستا ھاووڵاتیانی كێشەی كەمی كارەبایان ھەیە و حكوومەت كەمتەرخەمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانی ئاو و كارەبا".

ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەگەرچی بژاردەی زیادكردنی ئاستی بەرھەمی نەوت كارێكی باشە، بەڵام حكوومەتی عێراق تائێستا سەركەوتوو نەبووە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا بۆ ھاووڵاتیان".

بەھۆی شەڕی داعشەوە عێراق زیانێكی زۆری بەركەوتووە و لەو رێگەیەوە ھەوڵدەدات ئاستی ھەناردەی نەوتی بۆ ئاسیا و ئەوروپا بەرزبكاتەوە.