حكوومەت رێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی زیان پێنەگەیشتوو دەدات

رەزامەندی دراوە

K24 - ھەولێر

حكوومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی زیان پێ نەگەیشتوو داوە.

دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق جەختی لەوە كردەوە، نووسینگەی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەو رێوشوێنانە دەربڕیووە كە دەستەكە گرتوویەتەبەر بۆ ھاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی ھاوردەی زیان پێنەگەیشتوو لە دەروازەی دەریایی و وشكانییەوە.

دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند، ئەم پاڵپشتییەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران دوای ئەوە دێت پێشووتر دەستەی دەروازە سنوورییەكان لە كۆبوونەوەی خۆیدا دەنگی لەسەرھاتنە ژووری ئەو ئۆتۆمبێلانەدا كە زیان پێ نەگەیشتوون، ئەوە جگە لە جیاكردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە زیانیان پێگەیشتووە، لەگەڵ بەكارھاتوو، ھەروەھا سەرەڕای مۆڵەتی ھاوردەی ئۆتۆمبێل، پێویستە ئۆتۆمبێلەكان رەزامەندی پشكنینی دەروازەكانی ھەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر دەستەكە بڕیاری لەسەر ھاوردەكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دابوو كە بەكارھاتوون یانیش بێ زیانن.