وشكه‌ساڵی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كشتوكاڵی كوردستان ده‌كات

"مەترسی ھەیە گژوگیاش سەوز نەبێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/eeefd989-f308-472b-972f-569692521398/haremjafmp4.ism/manifest

K24 - گەرمیان

سنووری ئیدارەی گەرمیان بەھۆی کەمی باران بارین لەبه‌رده‌م مەترسی وشکە ساڵیدایە، جووتیارانی ناوچەکەش دەڵین، جگە لە مەترسی بەرھەم نەھێنانی گەنم و جۆ، ترسیان لەوەش ھەیە كە بێ بارانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر له‌وه‌ڕگه‌ی مه‌ڕ و ماڵاتیش هه‌بێت و گژوگیاش سه‌وز نه‌بێت.

زستانی ئه‌مساڵ به‌بێ بارانبارین رۆژه‌كانی تێدەپەڕێ و جووتیارەکانی گەرمیانیش له‌ چاوه‌ڕوانیدان ئه‌و زه‌ویانه‌ی به‌ گه‌نم و جۆ دایان چاندووه پەڵەبدات، به‌ڵام نیگه‌رانن و ترسیان له‌وه‌یه‌ ئەگەر زستانی ئەمساڵ ھەروا بێ باران بێت، ئەوە جگە لەوەی ھیچ بەرھەمێکی گەنم و جۆیان نابێت، زیانێکی زۆریش بەر له‌وه‌ڕگه‌ی ئاژەڵەکانیان دەکەوێت بەھۆی سەوزنەبوونی گژوگیا.

گۆران محه‌مەد، یەكێكە لە جووتیارانی دەڤەری گەرمیان بە كوردستان24 گوت: "پار لە ئەمساڵ باشتربوو، ئێستا خەریكە مانگی یەكەمی زستان تەواو دەبێت ھێشتا باران پەڵەی نەداوە، بێ بارانی مەترسی ئەوەی دروستكردووە كاریگەری ھەبێت بۆ لەوڕگەكانیش، ئێستاش ئەگەر لەماڵەوە خۆراك نەدەین بە ئاژەڵەكانمان ھیچ نییە لە لەوەڕگەكان بیخۆن".

ھەر لەبارەی ئەگەری وشكەساڵی، غازی محه‌مەد تاڵب، بەڕێوبەری بەنداوی باوە شاسوار بە كوردستان24 راگەیاند: "ساڵی پار لەم كاتەدا 82 ملیم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا نەگەیشتووەتە 30 ملیم، ئەمەش كاریگەری زۆری ھەیە لەسەر رووەك و ئاوی ژێر زەوی، لەئێستاوە لە ناوچەكانی گەرمیان ھەست بە وشكەساڵی دەكرێت".

ساڵانی رابردوو له‌ وه‌رزی زستان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، به‌هۆی زۆر باران بارینه‌وه‌ چه‌ندین جار لافاو دروست ده‌بوو و خه‌ڵكی تووشی زیان ده‌بوون، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جووتیارو مه‌ڕدارانی سنووره‌كه‌ ترسیا له‌وه‌یه‌ به‌هۆی بێ بارانی و وشكه‌ ساڵییه‌وه‌ تووشی زیانی زیاتر بنه‌وه‌.

داڕشتنەوە: ھ.م