شاندێكی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

"شاندی كوردستان بەشداری لە پێشانگای گەشتیاری نێودەوڵەتی بەغدا دەكات"
kurdistan24.net

K24 - سۆران

بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "سبەی شاندێكی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و بەشداری لە چوارەمین پێشانگای گەشتیاری نێودەوڵەتی بەغدا دەكات، بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە پێشانگاكە بەشدار دەبن".

روونیكردەوە: "شاندەكە پێكدێت لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری ھەولێر و سەرۆكی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان و منیش وەك نوێنەری دەڤەری سۆران بەشداری دەبم لە شاندەكە".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئاشكراشی كرد: "لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە نزیكەی 10 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ناوچەكەمان و زیاتر لە 4 ھەزاریان ماونەتەوە. ھەروەھا نزیكەی 100 ھەزار كەس سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆرانیان كردووە، چاوەڕێی دەكرێت لە رۆژانی داھاتوودا رێژەكە بەرزبێتەوە".

ھ.م