شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت

بڕی 8 ملیار و 85 ملیۆن دینارە

K24 ھەولێر

بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر ئاشكرای كرد، شایستە دارییەکانی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان گەیشتووە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە ماڵپەڕی كوردستان24ی رایگەیاند: "موژدە بە جوتیاران دەدەین، قۆناغی دووەمی شایستە دارییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی 2020 کە بڕی 8 ملیار و 85 ملیۆن دینارە، گەیشتووە و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی دەکرێت".

لەبارەی شایستە داراییەكانی ھەرسێ ساڵی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان كە لەلایەن حكومەتی عێراق خەرج نەكراوە، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: "حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە لەگەڵ حكومەتی عێراق و خودی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵەكانی بۆ ئەم مەبەستە چڕكردووەتە".

ئەوە لەكاتێكدایە ھێشتا حكوومەتی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ ھەرسێ ساڵی 2014 و 2015 و 2016 خەرج نەكردووە.