لیستی فەرمانبەرانی دوو وەزارەت رەوانەی بەغدا دەكرێت

چاوەڕێی واژووی عەبادی دەكەن

K24 - ھەولێر

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت،  وردبینیكردنی لیستی ناوی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە تەواو بووەو رەوانەی بەغدا كراوە.

عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لیژنەكەی بەغدا كاری وردبینیكردنی لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو تەندروستیان تەواوكردووەو راپۆرتی خۆشیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووەو بڕیاریشە بۆ پەسەندكردن و رەوانەكردنی مووچە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە".

عیزەت سابیر ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەموو زانیارییەكان لە راپۆرتێكدا خراوەتەڕوو ئێستاش تەنیا ماوە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق واژووی لەسەر بكات و مووچەیەك یاخوود دووان بنرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەكی روون نییە لە بارەی ناردنی مووچە".

ئەمە لەكاتێكدایە چەند مانگێكە عەبادی بەڵێنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەدات و جێبەجێی ناكات. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لیژنەی بۆ وردبینی كردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ناردووەتە ھەرێمی كوردستان.

H.M