عێراق رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كه‌ركوك بۆ 1 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا به‌رز ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
جه‌بار عه‌لی ئه‌للعێبی وه‌زیری نه‌وتی عێراق گوتی، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هه‌وڵه‌كانی چڕ كردۆته‌وه، بۆئه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌كانی كه‌ركوك بۆ 1 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا به‌رز بكاته‌وه.
ئه‌م قسانه‌ی لعێبی له چوارچێوه‌ی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له شاری كه‌ركوك هاتوون و رایگه‌یاند، له‌ئێستادا رۆژانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوك 420 هه‌زار به‌رمیله.
وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ڕێگه‌ی لووله نه‌وتی كه‌ركوك جه‌یهانه‌وه به‌رده‌وام بێت، به‌شێكیش له نه‌وتی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی پاڵێوگاكانی ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌كرێت.
لعێبی ئاشكراشی كرد، وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتووه رۆژانه 30 هه‌زار تا 60 هه‌زار به‌رمیل له نه‌وتی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی پاڵێوگه‌ی ته‌كریر بكرێت و ئێرانیش به هه‌مان رێژه به‌شداری ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ره‌كانی باشووره‌وه ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش وه‌زیری نه‌وتی عێراق گوتی، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌ڕێگه‌ی ناوه‌نده سیاسیه‌كانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، بۆ به‌رده‌وامیدان به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی هێڵی كوردستان جه‌یهانه‌وه.