بازاڕە ئۆنڵاینەکانی هەرێمی کوردستان چاودێری ناکرێن

"کۆنتڕۆڵکردنیان ئەستەمە"

K24 – سلێمانی:

بازاڕە ئۆنڵاینەکانی هەرێمی کوردستان (کڕینی کاڵا لە رێگای ئینتەرنێت) چاودێری ناکرێن و هیچ رێنماییەکی حکوومی نایانگرێتەوە.

تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان مەرج و رێنمایی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی کاڵا و کەلوپەل تەنانەت دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ بازاڕی ئۆنڵاین نییە، زۆرینەی ئەو جۆرە بازاڕانەش لەسەر ئاستی تاکە کەسین.

لەگەڵ ئەوەش، هەندێک جار تەنها لە رێگای پەیجێکەوە کاڵاکان ساخ دەکرێنەوە و بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێن؛ شارەزایانی ئابووریش پێیان وایە بازاڕەکانی ئۆنڵاین لەسەر بنەمای کۆمپانیا دانەمەزراون بۆیە کۆنتڕۆڵ کردنیان ئەستەمە.

نەوزاد  کامیل، سەرۆکی  سەندیکای  ئابووری  ناسانی کوردستان  لقی سلێمانی لەو بارەیەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بازاڕەکانی ئۆنلاین لە جیھان ناوبانگی تایبەتیان ھەیە و چەندین کۆمپانیا لەسەر ئاستی جیھان لەرێگەی ئینتەرنێت و بازاڕی ئۆنلاینەوە کاڵاکانیان ساخ دەکەنەوە، بەڵام ھەرگیز جیاوازی لەنێوان ئەو کاڵایانەی نمایش دەکەن لەگەڵ ئەوانەی لەرێگەی ئۆنڵاینەوە بە ھاووڵاتیان دەفرۆشن جیاوازی نییە".

ئاماژەی بەوەشدا: "زۆرینەی ئەو کاڵایانەی لەرێگەی بازاڕەکانی ئۆنڵاین ساخ دەکرێنەوە، کەلوپەلی جوانکاری، دەرمان و پێداویستی تەندرووستی، جلوبەرگ، پێڵاو و تەنانەت ئۆتۆبێل و زەوی و خانووبەرەن".

 H.J