رۆسنه‌فت 1.3 ملیار دۆلار ده‌داته هه‌رێمی كوردستان
K24 - هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ رایگه‌یاندنی زیادبوونی قازانجه‌كانی، كۆمپانیای رۆسنه‌فت ئاشكرای ده‌كات، له ساڵی 2017 بڕی 1.3 ملیار دۆلاری داوه‌ته هه‌رێمی كوردستان.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، بڵاویكردووه‌ته‌وه، كۆمپانیای رۆسنه‌فت، له چاره‌گی سێیه‌می ئه‌مساڵ، قازانجه‌كانی هه‌ڵشكاوه و به رێژه‌ی 80% له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵانه زیادیكردووه.
به گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه، پێدانی ئه‌و بڕه پاره‌یه، وه‌ك پاره‌دانی پێشه‌كییه له بری ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی كۆمپانیاكه له كێڵگه نه‌وتییه‌كان به‌رهه‌می ده‌هێنێت.
ناوه‌ڕاست ئه‌مساڵ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆسنه‌فت، یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنییان مۆركرد و دواتریش گه‌یشتنه رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیا رووسییه، كار له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات.
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی بڕێك پارە لەلایەن كۆمپانیای رووسنەفت، سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، له وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان 24، گوتی: "رووسنەفت ملیارێك دۆلاری پێنەداوین، بەڵكو بەپێی ئەو رێككەوتننامەی پێشتر لە نێوانماندا ھەبووە، ھەندێك پارەی بەپێی ئەو گرێبەستە بە ھەرێمی كوردستانداوە، بەڵام لەم ماوەیەدا ھیچ بڕە پارەیەكی دیكەی بە ھەرێمی كوردستان نەداوە".