جگه له رێككه‌وتن هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه نییه
K24 - هه‌ولێر:
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان 24، كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌تی هه‌نووكه‌یی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی ورووژاند و باسی له پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.
به‌شێك له گفتوگۆكان:
رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی
له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی حزبه‌كه‌ی و یه‌كێتی، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان 24، گوتی: "ئێمه و یه‌كێتی بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، ده‌بێت یه‌كتری قه‌بووڵ بكه‌ین و شه‌ریكین، له قوربانیدان و تێكۆشان، به چاك و به خراپ، له 91ه‌وه تا ئێستا هێناومانه".
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، هه‌ر ده‌بێت رێكبكه‌ون و گوتی: "له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌بێت رێكبكه‌ون و جێگره‌وه‌ی دیكه‌ی نییه".
روونیشی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كارێكی باشيان كرد، ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵبژاردنیان قه‌بووڵكرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای ئه‌وه وه‌كو پارتی گوتمان: "ئێمه براوه‌ینه، به‌ڵام یه‌كێتی شكستی نه‌هێناوه، ناكرێ مامه‌ڵه‌ی كورسی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانیش ناكرێ به‌بیرۆكه‌ی 50 به 50ی جاران، داواكارییه‌كان بخه‌نه‌ڕوو".
دووپاتیشی كرده‌وه، پێویسته زۆرترین خه‌ڵك به‌شداری له‌و حكوومه‌ته‌دا بكات، پێكهاته‌كان، حزبه جیاوازه‌كان و حكوومه‌ت ته‌نها هی پارتی و یه‌كێتی نابێت.
خواسته‌كانی یه‌كێتی
گوتیشی: "ئێمه وه‌كو شه‌ریك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌كه‌ین، به‌ڵام جاری وا هه‌یه، خواسته‌كانی یه‌كێتی له‌وه زیاتره و ره‌وشی كابینه‌كه ناتوانێت قه‌بوڵی ناكات، دواتريش ئێمه رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ گۆڕانيش هه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتی: "یه‌كێتی به‌ر له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه ده‌یگوت مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم پرسێكی نیشتمانییه و ده‌بێت هه‌موو حزبه‌كان به‌شداربن، ئه‌وه درووسته، به‌ڵام ناكرێت بڵێی به‌شداری له‌و ره‌هه‌نده نیشتمانییه ناكه‌م".
ئه‌وه‌شی روونكردنه‌وه، مادام سه‌رۆكی هه‌رێم، ده‌بێته سه‌رۆكی هه‌موو هه‌رێمه‌كه، پێویسته هه‌مووان به‌شداری له كاراكردنی یاساكه و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش بكه‌ن.
یاسای سه‌رۆكایه‌تی
سه‌باره‌ت به هه‌مواری یاساى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، رايگه‌یاند، رێز له رای حزبه‌كان ده‌گرن له‌ناو په‌رله‌مان، بۆیه به باشیان زانیوه سه‌رۆكی هه‌رێم له ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌رێم ده‌بێته خاوه‌نی ده‌ستوور.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، پێویسته هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، چونكه كاری سه‌رۆكی هه‌رێم چی ده‌بێت له‌كاتێكدا پۆسته‌كه بوونی هه‌یه بۆچی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌كانی دیكه بێت.
دابه‌شكردنی پۆسته‌كان
هه‌ر له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا، فازڵ میرانی له باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و گوتی: "لای من گرنگ نییه پارتی چه‌ند وه‌زاره‌تی به‌ركه‌وتووه و یه‌كێتی چه‌ندی هه‌یه، چونكه وه‌زیر نابێته وه‌زیری حزبه‌كان، ده‌بێته هیچ هه‌موو حكوومه‌ت، نه‌ك وه‌زیری یه‌كێتی و پارتی، ئه‌م وه‌زیره ده‌بێت موراجیعی هه‌مووان وه‌كو یه‌ك وه‌ربگرێت".
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، هێشتا رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مۆرنه‌كراوه به ته‌واوه‌تی، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنييه لای ئه‌وان وه‌كو ئیمزاكردن وایه و گوتی: "قسه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك لای ئێمه هه‌موو شتێك ده‌بڕێنێته‌وه".
هاوبه‌شی راسته‌قینه چییه؟
هه‌ر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، فازڵ میرانی، له باره‌ی چه‌مكی هاوبه‌شیكردنی راسته‌قینه كه یه‌كێتی باسی ده‌كات، گوتی: "ئێمه ده‌بێت بۆ هاوبه‌شی راسته‌قینه ته‌عریفه‌كمان هه‌بی، تا ئێستا نه‌مانزانیوه كاك قوباد تاڵه‌بانی بڵێت هاوبه‌شی راسته‌قینه نه‌بوومه، یان وه‌زیرێك له وه‌زیره‌كان بڵێت ده‌سه‌ڵاته‌كانمان كه‌مكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی شاهیدی باشی داوه، كاك عه‌بدولستار مه‌جیده، له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كان لێیان پرسی سه‌رۆكی حكوومه‌ت رێگریت لێده‌كات؟ ئه‌ویش گوتی به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه كاره‌كانی سنووردار نه‌كراون و به پێچه‌وانه‌وه پشتیوانیشی لێكراوه".
چاره‌نووسی رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان
له باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی دووپاتی له‌وه كرده‌وه، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هیچ گۆڕانكارییه‌كی بۆ رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان نابێت و هیچ داواكارییه‌كی له‌و جۆره‌ش قه‌بووڵ ناكه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه رێز له ئیمزای خۆمان ده‌گرین و پابه‌ندین، هیچ داواكارییه‌كی له‌وجۆره‌ش له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه نه‌كراوه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت بێگومان پێی رازی نابین و ئێمه پابه‌ندی رێككه‌وتنی خۆمان ده‌بین له‌گه‌ڵ گۆڕان".
ئ. م