بڕیاری رێفراندۆم بڕیاری هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بووە

مه‌سرور بارزانى
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ هەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتییکردنی حکومەتی عێراق، ئەو پەرچەکردارەی عێراق و دراوسێکانی لێ کەوتەوە.

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی بەناوبانگی (هاردتۆک) ی کەناڵی BBC ی بەریتانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتییكردنى حکومەتی عێراق ئەو پەرچەکردارەی عێراق و دراوسێکانی لێ کەوتەوە. گوتیشی هەرێمی کوردستان  هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە دراوسێکان نیە.

مەسرور بارزانی گوتیشی: خواستی سەربەخۆیی خواستێکی لە مێژینە و ڕەوای گەلی کوردەو بڕیاری رێفراندۆمیش بڕیاری هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بووە. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە گوتی: پێشتر و دوای ریفراندۆمیش داوای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا کردووە لە پێناو چارەسەریی کێشەکان. راوێژکاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە کە حکومەتی عێراق بە هۆی پێشێلکردنی پەنجاوپێنج ماددەی دەستوور، خەڵکی کوردستانی بەرەو ریفراندۆم هاندا.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

شۆن لەی: سڵاو بەخێربێن بۆ بەرنامەی ھارد تۆک، من شۆن لەیم‪... حەفتا ساڵ لەمەوبەر سەرکردەیەک بە ناوی بارزانی سەربەخۆیی کوردستانی راگەیاند بەڵام پشتگوێ خرا. مانگی رابردوو کوڕەکەی ریفراندۆمێکی ئەنجامدا بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی. بەغدا رایگەیاند لە جیاتی ریفراندۆم یاساکانی خۆی دەسەپێنێت. مەسرور بارزانی کورەزای مستەفا بارزانی و کوری گەورەی مەسعود بارزانی میوانی بەرنامەکەمە.

راوێژکاری ئەنجومەی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، کە رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە شەڕی دژ بە داعش، پێیوایە کە کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێت. بەڵام لەگەڵ دژایەتیەکانی عێراق، ئێران و تورکیا و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئایا ئەم ریفراندۆمە بەوە کۆتایی دێت کە ئەو ئۆتۆنۆمیەی کە ئێستا ش ھەیانە  بۆیان بمێنێتەوە؟

شۆن لەی: مەسرور بارزانی لە ھەولێرەوە، لە کوردستانی عێراقەوە، بەخێربێی بۆ "ھاردتۆک" سوپاس کە ئەمرۆ لەگەڵمانی. وا وەسفی تۆیان کردووە کە ئەو پیاوەی لە پشت سەربەخۆییەوەیە ... چۆن ئەم ریفراندۆمە دۆخەکە بۆ گەلی کورد بەرەو باشتر دەبات؟

مەسرور بارزانی: وەک دەزانی ماوەیەکی دوور و درێژە ئێمە لەگەڵ بەغدا کێشەمان ھەیە، و ھەموو رێگەیەکمان گرتووەتەبەر بۆئەوەی ئەو کێشانە بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکەین. بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق بە گوێرەی دەستور مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتانەدا نەکردووە و ئێمەی وەک ھاوبەشی راستەقینە پەسەند نەکرد وەک ئەوەی کە لەسەری رێککەوتبووین کە بەشێک بین لە عێراق. دوای گرتنەبەری ھەموو رێگەکانی دیکە ئێتر ھیچ بژاردەیەکمان بۆ نەمایەوە تەنیا ئەوە نەبێت کە رێگەی رێفراندۆم بگرینەبەر وەک پرۆسەیەکی دیموکراسی و وەک ئامرازێکی ئاشتیانە بۆ دەربڕینی خواستی خەڵکی خۆمان بۆ داھاتووی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا‪.

شۆن لەی: ئێوە ئۆتۆنۆمییەکی زۆر باشتان ھەبوو، باشترینی لە 20 ساڵی رابردوو بووە. بۆچی ئێستا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن؟

مەسرور بارزانی: لە راستیدا خواستی سەربەخۆیی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکە سەدەیەک لەمەوبەر. بەڵام بەداخەوە بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەشێوەیکی نادادپەروەرانە مامەڵەمان لەگەڵدا کراوە. بەڵام ئێمە پێموانیە ئۆتۆنۆمی بەس بێت بۆ پاراستنی مافەکانمان، وەک لە رابردوودا بینیومانە کە رووبەڕووی ھەڕەشە و ھێرش بووینەتەوە، جینۆسایدکراوین و کیمیاباران کراوین و ئەنفال کراوین. پێویستمان بە دڵنیاییەکی نێودەوڵەتی ھەیە کە لە داھاتوو ئەم تاوانانەی بەرامبەرمان کراون دووبارە نەبنەوە‪.

شۆن لەی: ببوورە قسەت پێ دەبرم بەڵام مەبەستمە بەروونی پێم بڵێیت، مەبەستت ئەوەیە ئەوەی لەگەڵ حکومەتی پێشوو روویدا دەکرێ لە داھاتووشدا رووبداتەوە؟‪

مەسرور بارزانی: حکومەتی ئێستا لە 2003 ەوە دروست بووە لەگەڵ رووخانی رژێمی پێشوو، ھیوامان خواست کە لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیە سەردەمێکی نوێ بێتە ئاراوە و دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن. ئێمەش بەشێوەیەکی خۆبەخشانە وئارەزوومەندانە چووینەوە بەغدا و بەشداریمان کرد لە دروستکردنی وڵاتێک کە پێی بوترێ وڵاتی ھەموومان. دەستورمان پەسەند کرد و پێمانوابوو کە ئەم دەستوورە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت. بەڵام وەک ئاشکرایە بۆ ھەموولایەک ئەم دەستورە بە تەواوی جێبەجێ نەکرا و حکومەتەکانی بەغدا بە دیاریکراوی ئەو مادانەیان جێبەجێ دەکرد کە خزمەتی ئەجێندای خۆیان دەکرد. ئەوەی کە بەشێک بوو لەو پاکێجەی کە داوای کورد بوو پشتگوێ خرا. ئێمە زۆر ھەوڵماندا کە دڵنیابینەوە کە دەتوانین کێشەکانمان بەشێوەیکی ئاشتیانە چارەسەر بکەین بەڵام نەکرا. بەڵێ، راستە رژێمی بەغدا گۆراوە بەڵام بەداخەوە بینیمان ئەو عەقڵیەتەی بەغدا بەرێوە دەبات لە بنەماکانی دیموکراسی دوور دەکەێتەوە و دوور دەکەوێتە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و بەرەو رژێمێکی تاکلایەنە ھەنگاو دەنێت. بەشێوەیەک کە نەک تەنھا کورد پەراوێز دەخات بەڵکو سوننەکانیش پەراوێز دەخات. ئەمە جێگەی نیگەرانی ئێمە بوو. بۆیە ئێمە زۆر نیگەرانین لە داھاتووی گەلەکەمان ئەگەر جۆرێک لە پاراستنی نێودەوڵەتیمان نەبێت‪.

شۆن لەی: پێش ئەوەی کە مانگی رابردوو ئەنجامی ریفراندۆمەکە رابگەێنرێت، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەرلەمانی عێراقەوە رایگەیاند کە ئێمە پاڵپشت بە دەستوور یاساکانی عێراق لە ھەموو ناوچەکان دەسەپێنین. عەبادی ئەو مافەی ھەیە وایە؟ بەگوێرەی ئەو دەستوورەی ئێوە ئاماژەتان پێکرد و واژووتان لەسەر کردووە، ئێوە مافی ئەوەتان نیە تاکلایەنە بڕیاری ریفراندۆم ئەنجام بدەن یان سەربەخۆیی رابگەێنن. بەمانایەکی دیکە ئایا ئێوە خۆتان واتان لەعێراق نەکردووە کە دژتان بوەستێتەوە و لە چەند ساڵی رابردوودا دژایەتی عێراقتان کردووە و باوکت وەک سەرۆکی ھەرێم رایگەیاند ئێمە لە جەنگی جیھانی یەکەمەوە تا ئێستا بەشێک نەبووین لە عێراق. بەروونی ئێوە ھیچ گرنگی بە عێراق نادەن کەواتە ئێتر ناکرێ پێشبینی کاردانەوەی دیکە بکەن وانیە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە دەستورمان پەسەند کرد، ھەموو دەستورەکەمان پەسەند کردووە نەوەکو تەنیا ھەندێک لەو مادانەی کە بەغدا ھەڵیاندەبژێرێ لەپێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی خۆی. لە راستیدا ئەگەر سەیری دەستور بکەی یەکێک لەو ھۆکارانەی کە ئێمە ریفراندۆمان ھەڵبژارد ئەوەیە کە دەستور پێشێلکراوە، لە راستیدا 55 ماددەی دەستور پێشێلکراون، ئەمەش 55 بەڵگە و پاساوی داوەتە دەستی ئێمە بۆئەوەی ئێمە ئەم ریفراندۆمە ئەنجام بدەین‪. 

شۆن لەی: ئایا ئەم کێشانە کە نەک تەنیا بەغدای تووڕە و نائۆمێد کرد، ھەرچەندە لەوانەیە ئێوەی بێزار نەکردبێت، بەڵام ئێوە واتان کرد کە درواسێکانتان وەک سوریا، تورکیا و ئێران لەدژی ئێوە یەکبگرن و کێشەیەکی تر بخەنە ناو کێشەکانی ئاڵۆزترین ناوچە لەسەر ئەم ھەسارەیە؟

مەسرور بارزانی: بەتەواوی وەک ئەوەی کە خۆت وتت و دەزانی ئێمە لە چ ژینگەێکدا دەژین و چەندە خراوینەتە بەر ھەڕەشەی بریارەکانی وڵاتانی دراوسێمان. با من لەوەوە دەست پێ بکەم کە بڵێم ئەگەر دەرفەتم بدەی روونی بکەمەوە، ئێمە ریفراندۆمان لە کوردستانی عێراق ئەنجامداوە. ئەمە یەکێکە لە دیموکراسیترین  و ئاشتیانەترین ئامراز بۆ دەربرینی خواستی خۆمان. ئێمە لە سەدەی 21 دەژین و زۆر جێگای نیگەرانیە کە ئێمە ھێشتا لەبەرامبەر دەربڕینی خۆمان دژایەتیمان دەکرێت. ئەوەی ئێمە کردوومانە بۆ ئەوەیە بە بەغدا بڵێین کە خەڵکی ئێمە چی دەوێت. ئەوە بەغدا بوو کە پاڵی بە ئێمە نا کە ریفراندۆم ئەنجام بدەین بەوەی کە بەناراستەوخۆ بە ئێمەی دەوت کە ئێوە نوێنەرایەتی ھەموو گەلی کورد ناکەن و لایەنە کوردییەکان دابەشبوون. لە راستیدا ئەم ھۆکارانە پاڵپشتێکی یاساییە بۆئەوەی دەست بە گفتوگۆ بکەین لەگەڵ بەغدا چونکە ئێمە ھێشتا دەستبەجێ و دوای ریفرانۆدم سەربەخۆییمان رانەگەیاندوە،، تەنیا خواستی خۆمان ئاشکرا کردووە سەبارەت بە داھاتووی خۆمان لەگەڵ بەغدا‪.

شۆن لەی: با من روونی بکەمەوە چونکە لەوانەیە ھێشتا زۆرێک نەزانن کە پرسیارەکە لە ریفراندۆم چی بووە. پرسیارە دەڵێ: ئایا تۆ لەگەڵ ئەوەدایت کە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ببنە  وڵاتێکی سەربەخۆ؟ ھیچ شتێک نیە باس لە وە بکات ئێوە دەستکراوە بکات بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا. ئەمە تەنھا وەڵامێکی بەلێ یان نەخێرە کە بەرێژەیەکی زۆر خەڵکی دەنگیان بە بەڵێدا. ئەمە ھەرەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ داھاتووی عێراق. یان ئایا ئەمە ھۆکارێک نیە بۆئەوەی ئەنقەرە و تاران نیگەران بن لەوەی کە کوردەکانی ئەوانیش بەھەمان شێوەی ئێوە کار بکەن؟

مەسرور بارزانی: بەر لەهەموو شتێک ئەوە پرسێکی عیراقییە و دراوسێیکانی عێراق هەق نییە دەستوەردان بکەن

کۆمەڵگەی نێودەولەتیش هەق نییە رێگە بەدەستوەردانی دراوسێکان لە نێوخۆی وڵاتێکدا بکەن. خاڵێکی تر کە ئاماژەت بۆکرد بەڵێ خەڵک دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا و ئەمەش مافێکە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کەواتە هیچ هەڵەیەک لەوەدا نییە کە خەلکی بڕیار لە شێوەی ژیانی خۆی لە ناو وڵاتەکەی بدات. 93٪ دەنگی لە ریفراندۆم بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی بەڵام ئێمە سەربەخۆییمان رانەگەیاندووە. پێش ریفراندۆدم و دوای ریفراندۆمیش گوتوومانە  کە دەمانەوێ رێپێدانێکی یاساییمان هەبێت بۆ گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا وچارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان .

لەبارەی ئەو ناوچانەی تۆ ئاماژەت پێدان کە ئێستا لە دەرەوەی ناوچەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن. نابێ لەبیرمان بچێت کورد بە شێوەیەکی سیستەماتیکی لە لایەن رژێمەکانی پێشووی عێراقەوە دەرکراون و خەڵکی تریان بۆ هێنراون .  

  دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەم ناوچانە، لەڕاستیدا پێوەندی بە سەرهەڵدانی داعشەوە هەیە. ئەوە داعش بوو کە هەڕەشەی بوو بۆ کوردستان و داعش بوو کە بەشێک لە عێراقی داگیر کرد، شکستی حکومەتی عێراق لە لە پارێزگاریکردن لە خەڵکی ئەم ناوچانە پێشمەرگەی ناچار کرد بچێت  پارێزگاری لەم ناوچانە بکات بۆئەوەی نەکەونە دەست داعش. ئەگەرنا ئێستا هەمووان دەبووایە هەوڵیان دابووایە وەک ناوچەکانی تری بن دەستی داعش ئەوانیشیان رزگار بکردبا.  ریفراندۆمی ئێمە، لەڕاستیدا باسی لەوە نەکردووە کە چارەنووسی ئەم ناوچانەی پێ یەکلا بکرێتەوە و بۆ ئەوەش نییە تا سنوورەکانی کوردستان و عێراقی پێ دیاری بکرێت. ئێمە ئەو بابەتەمان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماددەی 140ی دەستوور جێهێشتبوو، کە حکومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.

 

شۆن لەی: باشە، با ئەو شتانەت پێ بڵێم کە دراوسێیەکان باسی دەکەن. سەرۆک ئەردۆگان لە 30ی ئەیلوول لە پاش ریفراندۆم گوتی داواکردنی سەربەخۆیی برینی نوێی خوێناوی دەخوڵقێنێت و تەنانەت لەوەش زیاتر گوتی ئەوان(کورد) نەوتی خۆیان بە کێ دەفرۆشن و هەڵبەتە ئێوە بەشیکی زۆرتان ئەمساڵ بە تورکیا فرۆشتووە و تورکیا هاوڕێیەکی باشی کوردستانی عێراق بووە. ئەو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەگەر ئێمە ئەو دەرگایە بگرین کە داهاتەکەیان بۆی دەچێت، رەنگە ئێمە لەشەوێکدا و لە ناکاو ئەمە بکەین. لەبەر ئەوەی تورکیا بەشێکی بەرچاوی داهاتی ئێوەی لەبەردەستە،80 - 90 %  داهاتی نەوتەکەتانی لەبەردەستە، ئەمەش لەڕێگەی هێلێک کە لە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا دایە، ئەگەر ئەوان ئەم کارە بکەن، ئێوە تووشی کێشەیەکی سەخت دەبنەوە، وایە؟ 

مەسرور بارزانی: من نازانم چی لە بابەتەکە گۆڕاوە. لەوەتەی ساڵی 1991 ەوە کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیفاکتۆ بووە. بەڵام پاش ئەوەی دەستوور لە 2005 پەسەند کرا، هەندێک مافی تایبەت دران بە حکومەتی عیراق. ‌حکومەتی عێراقیش هەر هەموو ئەم مافانەی لەدژی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە. ...

شۆن لەی : باشە، بەلام من ئێستا باسی تورکیا دەکەم

مەسرور بارزانی: بەڵێ. ئێمە سەرمان سووڕماوە  لەو هەموو کاردانەوە زۆرەی تورکیا و دراوسێیەکان و لەڕاستیدا لە کاردانەوەی حکومەتی عێراقیش تێ ناگەین. ئێمە ریفراندۆممان نەکردووە تا کیشەکان ئاڵۆز بکەین.  ئێمە پێمانوایە، ریفراندۆم تاکە بژاردەی ئێمەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی گونجاو و بۆ پەنجەخستنە سەر هەر هەموو ئەو کێشانە کە راستەقینەن. ئێمە ناتوانین خۆمان هەڵبخەلەتێنین و بڵێین هیچ کێشەیەک نییە و هەموو شتێک ئاساییە. ئەوەی پاڵی بە ئێمەوە نا ریفراندۆم بکەین، ئەوەیە کە کۆمەڵیک کێشەمان لەگەڵ حکومەت هەیە. ئێمە خوازیاری هیچ دوژمنایەتییەک نین نە لەگەڵ تورکیا، نە لەگەڵ ئێران و نە لەگەڵ عێراق. ئێمە زۆر سەرمان سووڕماوە لەو  رێکارە نەگونجاوانەی ئەوان لەدژی خەڵکی ئێمەیان گرتووەتە بەر.

شۆن لەی: ئێوە ھاوکێشەیەکی دیپلۆماسیتان فرێ داوەتە ناو هەستیارترین ناوچە لە سەر رووی زەوی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستاش سەرتان لە کاردانەوەکان سووڕ ماوە؟ ئایا ئێوە ئەوەندە سادەن کە وا بیرتان کردبێتەوە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستان عێراق، شەپۆلی شۆکئامێز

بەم سنوورانەدا بڵاو ناکاتەوە؟

مەسرور بارزانی: لەڕاستیدا ئێمە سەرمان لەوە سووڕ ماوە کە

 ئەوان رێز ناگرن لە ویستی سێ ملیۆن کەس بۆ دەربڕینی رای ئازادی خۆیان لەسەر ئەوەی چۆن لەم وڵاتە بژین.  بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانگوتووە کە ئێمە ویستی خۆمان لەسەر هیچ حکومەتێک یان ولاتێک دەسەپێنین. لەڕاستیدا ئێمە دەرگای دانوستانمان بە کراوەیی هێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە. بۆیە ئەگەر ئەوانی تر دەرگاکان بگرن و حەز نەکەن لەگەڵمان بە ئاشتییانە بدوێن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک، پێموایە ئەوان بەرپرسیار دەبن لە هەر دەرەنجامێک. 

شۆن لەی: لەم دیمانەیەدا تۆ بە گەرمییەوە باست لە خۆبەختکردن و قوربانیدانی  پیشمەرگە کردووە، کە ئەکتەرێکی یەکجار سەرەکی بوونە لە شەڕی دژی داعش. رات چییە لەسەر پیشڤەجوونی شەڕی دژی داعش لە عێراق؟

مەسرور بارزانی: پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی داعش  وتێکشکاندنی ئەفسانەی داعش بوونە. لەکاتێکدا جیهان ستایشی پیشمەرگەی دەدا، جارێکی تر ئەوە حکومەتی عێراق بوو کە رەخنەی لە دابینکردنی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە دەکرد بۆئەوەی لەم شەڕەدا خێراتر بەسەر داعشدا زال بن و لە کاتێکدا بوو کە ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتیی دارایی هەبوو کاتێک کە شەڕی دوژمنێکی هاوبەشمان دەکرد کەچی حکومەتی عێراقی بوودجەی کوردستانی بڕی لە کاتێکدا ئێمە هەروەها 1.8 ملێۆن  ئاوارەکانی بەشەکانی تری عێراق وپەنابەری سوریمان  لە کوردستان لەخۆ گرتبوو. بۆیە هیواداربووین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وبەتایبەتی حکومەتی عێراق پشتیوانیمان دەکەن. پیشمەرگە ئەو هەموو کاتە ستایش دەکرا، بەڵام کە ئێستا دەمانەوێت بە ئازادانە و بە دیموکراسیانە داهاتووی پێوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا بنیات بنێین، جارێکی تر هێرشمان دەکرێتە سەر، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی  زۆر بێ دەنگە و لە ڕاستیدا ئەم بێدەنگییە وای کردووە هەم بەغدا و هەم ولاتانی دراوسێ جورئەت بکەن، ئەم رێکارە تووندانە لەدژی خەلکی ئێمە بگرنە بەر.

شۆن لەی: ئەوان بەتەواوەتی بێ دەنگ نەبوون. ریکس تیلێرسن( وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا) دوای ریفراندۆم گوتی شەڕ لەدژی داعش کۆتایی نەهاتووە، هێشتاش گرووپی توندڕەوی تر هەن کە دەیانەویت ناسەقامگیریی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆیە ئێمە داوا لە هاوبەشەکانمان لە عێراق دەکەین تا تەرکیزیان لەسەر شەڕی دژی داعش بمینێتەوە بەرلەوەی بیر لە ریفراندۆم  بکەنەوە یان ئەوەی ئاخۆ کوردستان وەک بەشێک لە عێراق دەمێنێتەوە یان نا.

مەسرور بارزانی: تۆ راست دەکەی. من ناڵێم ئەوان لەو رووەوە  بێدەنگبوون کە هەندێکیان لەڕاستیدا دژایەتیی ریفراندۆمیان کردووە، کە پرۆسەیەکی زۆر دیمۆکراسییە. بەواتایەکی تر ئەوان بەناراستەوخۆ پاڵپشتییان لە حکومەتێکی تایفەگەری کردووە لەدژی پرۆسەیەکی دیموکراتی. ئێستاش بۆ شەڕی داعش ئێمە گوتومانە ئێمە خۆمان بۆ ئەم شەڕە تەرخان کردووە و پێمانوایە ئێمە ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانێتی دژی تیرۆر و داعشین و بەردەوامیش دەبین.

شۆن لەی: نەدەکرا ریفراندۆم تا کۆتایی ئەم پرۆسەیە دوا بخرێت؟

مەسرور بارزانی : نەخێر بە هیچ شێوەیەک،  ریفراندۆم هیچ پێوەندیی بە پابەندبوونی ئێمە بۆ شەڕی دژی داعش نییە. لەڕاستیدا ئێمە کە دەستمان بە شەڕی داعش کرد، پاڵنەرمان بۆ ئەم شەڕە و شکستپێهێنانی داعش پێوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا نەبوو بەڵکو بڕیاری خۆمان بوو، ئیرادەی گەلی خۆمان بوو. بۆیە تەنانەت لەم ساتەشدا ئێمە ئامادەین تا کۆتایی شەڕی تیرۆریزم بکەین و پێمانوایە پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هیچ کاریگەریی خراپی لەسەر شەڕ نابێت. ئێمە ئەوەمان بۆ هاوپەیمانان و بۆ بەغداش روون کردووەتەوە و ئێمە ویستی خۆمان بۆ شەڕکردن لەدژی داعش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەدژی داعش دەربڕیوە. دوای ریفراندۆم ئوپەراسیۆنی حەویجە ئەنجام درا و بینیمان هیچ کاریگەرییکەی خراپی ریفراندۆم لەسەر ئەم شەڕە نەبووە.

شۆن لەی: ئێوە چیتان بە ئەمریکییەکان گوتووە چونکە ئەوان بەم بڕیارەی ریفراندۆم زۆر دڵگرانن. تیلێرسن وەزیری دەرەوە ی ئەمەریکا  گوتوویەتی ریفراندۆم و ئەنجامەکانی شەرعی نین و ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتووو دیموکرات و پێشکەوتوو. بەواتەیەکی تر،  لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ لە عێراقدا نین.

مەسروور بارزانی: ئێمە لەم راگەیێنراوەش زۆر نائومێد بووین چونکە ئەمە دەربڕینی ویست و خواستی نەتەوەیەکە لەسەر ئەوەی چۆن دەیانەوێت بژین. ئێمە پێمانوایە شتێکی راست نییە کە هیچ جۆرە سیستەم یان میکانیزمێک بەسەر خەڵکانێکدا بسەپێنرێت کە لەراستیدا تەنانەت رێزی لێ نەگیراوە. ئێمە دەستوورێکمان هەبوو. ئێمە ویستمان ببین بە بەشیک لەم حکومەتە. ئێمە ویستمان ببین بە بەشێک لەم وڵاتە بەڵام بەداخەوە ئەم حکومەتە و حکومەتی پیشوو ئەم دستوورەیان جێبەجێ نەکرد.

شۆن لەی: دەمەوێت ئەوەم بۆ یەکلا ببێتەوە. ئایا ئێوە پیشبینیی کاردانەوەیەکی جیاوازتان لە واشنتن دەکرد. ئێوە دەبێ هەر ئاگادارکردنەوەیەکتان بەوان دابێت کە ئێوە ئەم پلانەتان هەیە. ئێوە لینکی زۆر باشتان هەیە لەڕیگەی هەواڵگرییەوە بۆنموونە لەگەڵ سی ئای ئەی، لینکی زۆر باشتان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا هەیە. ئایا ھیچ رێگرێکیان ھەبوو ئایا وتیان ئەنجامی مەدەن یان نەخێر پێیانخۆش بوو؟ یان تۆ پێشبینیت دەکرد ھەڵوێستیان بەو شێوەیە بێت؟

مەسرور بارزانی: ئێمە بەلایەنی کەمەوە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە پشتیوانی لە گفتوگۆیەکی ئاشتیانە بکەن لە نیوان ئێمە و بەغدا لە پێش و پاش ریفراندۆمیش. ئەوە حکومەتی عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق  بوو کە وتی ئێمە نە  ئێستا و نە لە داھاتوودا ریفراندۆم  قبووڵ ناکەین. ئەمە ھیچ بژاردەیەکی لەبەردەم ئێمەدا نەھێشتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت بگەڕێنەوە بۆ خەڵکی خۆمان و بزانین خەڵکی چییان دەوێت.  بەڵێ ئێمە بێ ئومێد بووین لە ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا کە دژی ریفراندۆمن. بەڵام ئەوەی کە ئێمە پێشبنیمان نەدەکرد، دژایەتی کردنی ریفراندۆم بوو. ئەوان ئەگەر نەیاندەویست پاڵپشتی ریفراندۆم بکەن، خۆ دەیانتوانی ھەڵوێستێکی دوولایەنە و میانگیریان ھەبێت و بەلایەنی کەمەوە ھانی ھەولێر و بەغدا بدەن لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن. ئەمە ھیشتا رووینەداوە. لە راستیدا ئەم دژایەتیەی ئەوان ھانی بەغدایدا کە ھەندێک ھەنگاومان لەدژ بگرێتەوەبەر و گەشتە وڵاتانی دراوسێش گەمارۆمان بخەسەر و سزای خەڵکی کوردستان بدەن.

شۆن لەی: با پرسیاری ئەوەت لێ بکەم کە سەرەتای ئەم مانگە لە پەیمانگەی ئێنتەر پرایزی ئەمریکی مایکل روبن وتارێکی بڵاوکردەوە. دەڵێ: بە ملیۆنان دۆلار خەرجکرا بۆ لۆبیکردن. چۆن دەکرێ سەرکردایەتی کورد و نوێنەرەکانیان بەورادەیە بەھەڵەدا چووبن لەبارەی سیاسەتی ئەمریکاوە؟ ئێوە وئەمەریکا ماوەیەکی زۆر پێکەوە بوون و زۆر پاڵپشتی ئێوە بوون و زۆر گەرموگور بوون لەگەڵ  واشنتن، یارمەتیتاندان لەکاتی رووخانی سەدام و لەشەری دژ بە داعش ھاوکاریان بوون. چۆن ئەو پەیوەندییە ئەوەندە لاواز بوو؟ ئێستا وەک بڵێی خراونەتە داوەکەوە و پشتان بە دیوارەوەیە و ھیچ پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتیتان نیە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە قەت نەمانوتووە پێویستە ئەمریکا لەنێوان ئێمە و بەغدا یەکێک ھەڵبژێرێت. ئێمە وتومانە ئەوان دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا بھێڵنەوە ئەگەر بتوانن و ئێمەش ھاورێیان بین. ئێمە ھێشتا باوەرمان وایە کە ھاورێی زۆر نزیکی ئەمریکاین و زۆر پێزانینمان ھەیە بۆ رۆڵ و پاڵپشتی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە ھاوکارییەکانیان لە شەری دژ بە داعش. ئێمە پێمانوانیە کە ئەم ریفراندۆمە ببێتە پاساوێک بۆئەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دژی ئێمە بوەستنەوە. ئێمە ھێشتا باوەڕمان وایە کە ئەوان دەتوانن رۆڵێکی بنیادنەر بگێرن لە پاڵپشتی ھەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی بنیادنەرانە. وەک لەوەی کە خۆیان بەدوور بگرن و دەرفەت بدەن گرژی دروست بێت، کە ھیچ کەسێک لێی سودمەند نابێت. لەبارەی رێگریکردن لە شەڕ و وێرانکاری و ناسەقامگیری، پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پیش ھەموویان ئەمریکا کە رۆڵیان ھەبێت و ھانی ھەولێر و بەغدا بدەن گفتوگۆ بکەن وەک لەوەی کە گرژی دوست بکەن، وەک ئەوەی کە بەغدا ئێستا دەیکات.

شۆن لەی: دەنگدانێکی دیکە لەپێشە و کاتەکەی دەست نیشانکراوە و وەک ئەوەی دانراوە مانگی 11 بەرێوەدەچێت، ئەوەیش ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیە کە مەسعود بارزانی باوکتان لە ھاوینی 2009وە لەو پۆستەیە. ئایا ئەو ھەڵبژاردنە لە وادەی دەست نیشانکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت یان کاریگەرییەکانی ریفراندۆم بوونەتە ھۆی دواخستنی؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ ئێمە بەتەواوی لەگەڵ ئەوەداین کە ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەرێوبچێت.

شۆن لەی: ئەگەر باوکت بووە ھۆی پەراوێزخستنی کورد لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا ئەتوانێ ھەڵبژاردنەکە بباتەوە؟

مەسرور بارزانی: من پێموانیە ئەمە بابەتێکی شەخسی بێت، چونکە پێموایە سەرۆک ئەو شتەی ئەنجامداوە کە خەڵکی ویستویەتی. سەرۆک بژاردەکەی بۆ خەڵکی بەجێھێشت. کەواتە ئەمە ھەڵبژاردەی گەلی کوردە نەوەکو تەنھا کەسێک. 93% خەڵکی لەم ریفراندۆمەدا بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. بۆیە ئەمە ھەڵبژاردەی خەڵک بووە نەک تەنھا بژاردەی سەرۆک. 

شۆن لەی: کێشەکە ئەوەیە چ جۆرە سەربەخۆییەک بە دەست دەهێنن . ئایا هەرێمەکەی ئێوە توانای ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەت نە تەنیا لەبەر هەڕەشەکانی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوت کە ئەوکاتە ناتوانن ئەو داهاتەی دەتانەوێ بە دەست بێنن. نەک بەهۆی ئەوەی پێنجیەکی دانیشتووانی هەرێمەکەتان مووچەخۆری حکومەتن و ئەگەر بەغدا داهاتەکە بۆ ئێوە نەنێرێت لەوانەیە نەتوانن مووچەکەیان بدەن. با قسەی ئابووریناسێت بۆ بخوێنمەوە کە مانگی رابردوو نوسیبووی، سەرەڕای ئامادەکارییەکانی بارزانی و دابینکردنی پێداویستیەکانی کەرکووک، بەڵام فەرمانبەرانی  حکومی نیوە مووچە وەردەگرن بە بەراورد لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەی سەربە بەغدان؟ ئایا ئەمە بەس نیە بۆئەوەی دەوڵەت دروست نەکەن ؟

 مەسروور بارزانی: راستە ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە بەداخەوە لە هەموو لایەکەوە تەوقکراوە . بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە خەڵکی ئێمە نابێت بە ئازادانە چارەنووسی ژیانی خۆی لە داهاتوودا دەستنیشان بکات . ئیمە لەوباوەڕەدا نین کە ریفراندۆم و ئەنجامەکانی بۆ ئەوەیە تەحەددای وڵاتانی دەرەوبەر یان عێراق بکەین . ئێمە وا تەماشای ریفراندۆم دەکەین کە چارەسەرێکە بێت بۆ کێشەکان لەگەڵ بەغدا . پێمانوایە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر لە خزمەتی هەموو ناوچەکەدا دەبێت . بۆیە ئەوە ناتێگەیشتنی ئەوانە کە ئێمە وەکو هاوبەش ویەکسان قبوڵ ناکەن کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو گرژییە کە ئەمەش گوناهی ئێمە نییە. ئێمە داوای چارەسەرێکی ئاشتییانە

 دەکەین لەگەڵ بەغدا بەڵام بەغدا ئامادەنیە گفتۆمان لەگەڵ بکات وهەڕەشە دەکات کە دەستبەسەر کوردستاندا بگرێت . ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان ئامادەنین ئێمە قبول بکەن وەک هاوبەش و نایانەوێت سەقامگیری لە ناوچەکە بێتە کایەوە .بۆیە با راشکاو بم ئێمە هیچ نیازێکی دوژمنکارانەمان نییەو  نامانەوێت سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکبدەین. پێموانوایە لە رێگەی قبوڵکردنی ئێمە و گفتوگۆی دوولایەنە و گەیشتن بە چارەسەرێک کە لە قازانجی هەموولایەکدا تاک هۆکاری بەرەوپێشچوونە و ئەمەش خواستی ئێمەیە.

شۆن لەی : سوپاس بۆ مەسرور بارزانی کە لە هەولێری کوردستانی عێراق قسەت بۆ کردین  لە هاردتۆک.

مەسرور بارزانی : سوپاس