هێمن هه‌ورامی: پارتی نیگەران نییە بە رێککەوتنی یەكێتی و گۆڕان

"ئەمریكا ئامادەسازی دەكات بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراق بكات"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، پارتی نیگەران نییە لە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی و ھەرگیز باوەڕناكەین یەكێتی رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان لە دژی پارتی بەكاربێنێ، لەبارەی بارودۆخی عێراق و سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەمریكا ئێستا بە شێوازێكی نا فەرمی ئامادەسازی بۆ سیناریۆكان دەكات، بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات.

لە میانی بەشداریكردنی لە دیداری زانكۆی سەڵاحەدین لە ژێرناوی خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ دۆزە سیاسی و ستراتیجیەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق ھێمن ھەورامی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەروەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ (كوردستان24) رایگەیاند: "ژینگەی ستراتیجیە نێودەوڵەتییەكان ئێستا گۆڕاوە، ژینگەی سەردەمی دووقوتبی نەماوە لەسەر ئاستی جیھان، بۆیە یەكە نا دەوڵەتییەكان كە ھەرێمی كوردستانی عێراقیش یەكێكە لەوانە وەك ھەرێمێكی فیدڕاڵ تا ئێستا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای پارا دیبلۆماسی و پڕتۆدیبلۆماسی داڕشتووە".

گوتیشی: "مامەڵەكردنی ھەرێمی كوردستان لە روانگەی بەھاكانی لەگەڵ یەكە نادەوڵەتییەكانی دیكە و یەكە دەوڵەتییەكان و تەواوی ژینگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پەرەی پێداوە لەسەر دوو ئاست ئەویش ئەوەیە ھەرێمی كوردستانی عێراق بەوپێیەی كە بەغدا حكوومەتی ناوەند نەیتوانی دەستوور جێبەجێ بكات، شەراكەتی نەھێشت لە عێراقدا فیدڕالیزمی پێشێلكرد، بۆیە سیاسەتی ھەرێمی كوردستان سیاسەتێك بووە پێشبڕكێ و ململانێ بووە لەگەڵ ناوەند، ھەندێك جاریش  ناچاربووین پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی ناوەند دبلۆماسیەتی خۆمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بكەین، ھەوڵیشمانداوە ئەو پەیوەندیانە لەسەر ئاستێكدا بێت، ئاسایشی ھەرێمی كوردستانی پێبارێزرێت گەشەپێدانی ھەرێمی كوردستان دابین بكات، لەسەر ئەو بنەمایەش بووە كە ئێمە نەبینە بەشێك لەو ئەجندا و پڕۆژانەی كە لە ناوچەكە ململانێی یەكتر دەكەن".

لە بارەی دوایین سەردانی جۆبادین، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ھەرێمی كوردستان ھێمن ھەورامی گوتی: "ھەر ھاتنی بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگە، كە سێیەمین جارە جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات، پێشتر دك چینی و ئێستا جۆبایدن، لە رووی دبلۆماسی ھەم لەرووی سیمبولیەوە ھەمیش لە رووی ناوەرۆكەوە ھاتنی جێگری سەرۆكی وڵاتێكی وەك ئەمریكا بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگە، بڕیاری حكوومەتی ئەمریكا بۆ ئەوەی 420ملیۆن دۆلار بداتە ھەرێمی كوردستان بۆ ھاوكاریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی داعش بەردەوامی پشتیوانیە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ ھەرێمی كوردستانی عێراق، ھەماھەنگی بەردەوامی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا بۆ شەڕی مووسڵ و شەڕی داعش و بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە تایبەتی لە نێوان ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان و ھێزە تایبەتەكانی ئەمریكا ھەموویان بەڵگەی ئەوەن كە پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا زۆر چوونەتە پێشەوە".  

ھێمن ھەورامی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەمریكا باشتر لە پرسی ئێستا عێراق تێدەگات، ئەمریكا ئێستا لەبەردەم ھەڵنژاردندایە نایەوێت ئەم سیاسەتانە پێچەوانە بكەنەوە، چونكە سیاسەتی ئەوان دەرچوون بووە لە عێراق، بەڵام ئێستا لە ناوەندە گرنگەكانی ئەمریكا شیكردنەوە ئایندەی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا دەكەن، شیكردنەوە بۆ ئایندەی عێراق دەكەن كە ئەمریكا چ جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ پاش ھەڵوەشانەوەی، ماوەیەك پێش ئێستا پڕۆژەیەكیان دەست پێكردووە بە ناوی ئایندەی عێراق ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێت 25 لێكۆڵەری گەورە سیاسەت دادەڕێژن بۆ ئەوەی بزانن ئەمریكا چۆن سیاسەت لەگەڵ ئایندەی عێراقدا بكات، بە نیازن لە كۆتای ئەمساڵدا كۆی بۆچوونیە سیاسییەكانیان بدەنە سەرۆكی تازە ھەڵبژێردراوی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردنی ئەمریكا لەگەڵ عێراق".

باسی لەوەشكرد: "پێم وایە ئەمریكاش ئێستا بە شێوازێكی نا فەرمی ئامادەسازی بۆ سیناریۆكان دەكات، بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات، لای ئەمریكا پرسەكە یەكلای بووەتەوە ناتوانرێت جارێكی دیكە عێراق یەك بخرێتەوە، بەڵام پرسی ھەرە گەورەیان ئەوە نییە كە ھەرێمی كوردستان سەربەخۆ دەبێت دەزانن دەبێ، پرسی ھەرە گەورە لای ئەمریكییەكان ئەوەیە ھەرێمی سوننە و ناوچەكانی سوننی دوایی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دۆخی ئەوان چی بەسەردێت، بوونی داعش لەو ناوچە چی بەسەردێت".

ھەورامی ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ ئێمە وەك ھەرێمی كوردستانی عێراق گرنگە پێش پرسی سەربەخۆیی، داعش لە ناوچە سوننەكان بشكێنین ھاوكاری گرتنەوەی ناوچەی مووسڵ بین ھاوكاری ئەو سوننە میانڕەوانە بین كە دەتوانن پاش داعش ئیدارەی ناوچەكانی خۆیان بكەن،

سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان ھەورامی گوتی: "بۆ پرسی ریفراندۆم لەبەردەم سێ سیناریۆین، ئایا ھەرێمی كوردستانی عێراق پێویستی بەوە ھەیە ریفراندۆم ئەنجام بدات یان نا؟ دۆخی سیاسیی عێراق گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، چونكە كە ریفراندۆم ئەنجامبدەین پێش ئەوە دەبێ گفتوگۆیەكی زۆر كراوە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ پێكھاتەكانی عێراقدا بكەین كە نیەتی خۆمن بە فەرمی لەسەر مێز پێیان بڵێین ئەمە نیەتی ھەرێمی كوردستانە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، ھەروەھا ئەوە روانگەی ئێمەیە بۆ پەیوەندیی داھاتوو لە عێراق، ئێمە نەك نابینە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ ئێوە بەڵكو دەمانەوێت لە ئێستاوە رێككەوتن بكەین، بەڵام بەداخەوە نازانین لە عێراق قسە لەگەڵ كێ بكەین".

لەبارەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ھێمن ھەورامی رایگەیاند: "بەراشكاوی قسە دەكەم و نە بۆ موجامەلەی سیاسییە و نە بۆ پروپاگەندەیەكی سیاسییە، تا ئێستا رێككەوتنی سیاسیی لە نێوانماندا یەكێتی و پارتی ھەیە، بۆیە ئێمە ھەرگیز باوەڕناكەین یەكێتی رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان لە دژی پارتی بەكاربێنێ، چونكە خۆی دەزانێت ئەو بابەتە ناچێتەسەر، ھەروەھا گۆڕانیش لەو ئاستە نییە كە وا تێبگات ئەو رێككەوتنە دژی پارتی بەكاربێنێت، بە پێچەوانەوە ئێمە پێمانوایە یەكێتی و گۆڕان لە سنووری پارێزگای سلێمانی جەماوەرێكی ھاوبەشیان ھەیە، ھەوڵبدەن ئەو رێككەوتنە ببێتە مایەی ئاشتی كۆمەڵایەتی زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی  و لە رێگەی ئەو رێككەوتنە پارتی باشتر بتوانێ ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە سیاسییە بكات كە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە".