نامانەوێ بینای سیاسەت لەسەر ئه‌ساسی خۆشخەیاڵی بکەین

هێمن هه‌ورامی:
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

هێمن هەورامی لە میانی بەشداریكردنى له‌ بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24, لە بارەی ئەو کۆنفرانسەی ئەمڕۆی مۆسکۆ و رۆڵی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی سەرۆك بارزانی وەك سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند, له‌ کۆنفرانسەکەدا میخایل بۆگدانۆف, لە قسەکانی خۆیدا بە جیاواز باسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کاریگەری هێزی پێشمەرگە لە رۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی کرد، لە هەمان کاتدا بە جیاش باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کرد.

هێمن هه‌ورامی گوتی: "ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین هەرێمی کوردستانی عێراق دامەزراوەی دەستووری خۆی هەیە حکوومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە ئەکتەرێکی بە رەسمی ناسێندراوە لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە حزووری دیبلۆماسی 36 کۆنسوڵیەی تایبەتی لە ناو شاری هەولێردا هەیە، ئەمەیە وایکردووە رۆڵی هەرێمی کوردستان و رۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی وەك سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی دیبلۆماسی ناسێندراوە".

هێمن هه‌ورامی گوتیشی: "لە بەشداری کۆنگرەی ئاسایشی میونشن و پێشتریش چوونی بۆ داڤۆس ئەو هەموو سەردانە دیبلۆماسيیانە کە کراون ئەوەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی کەسایەتییەکی یاسایی نێودەوڵەتییە وە توانیوییەتی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە لە شه‌ڕی تیرۆر لە رێی چالاکییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی ترمان توانراوە هەرێمی کوردستانی عێراق بخرێتە سەر نەخشە هێزە کاریگەرەکان لەسەر گۆرانکارییەکانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رووسیا, هێمن هەورامی گوتی : "تێگەیشتنێکی زیاتر هەیە لەلای رووسەکان, هەر له‌ لێدوانەکانی پوتن بۆ ئەمجۆرە بانگێشتانە بۆ ئەم کۆنفرانسانەی کراوین، رێكکەوتنی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان فروانترکردنی چالاکییەکانی کوردستان لەسەر ئاستی دیبلۆماسی و نێودەوڵەتی ئەمانە هەمووی ئاماژەی پۆزەتیڤن, بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە نامانەوێ بینای سیاسەت لەسەر ئه‌ساسی خۆشخەیاڵی بکەین".

هه‌ورامی دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئەمانە پێویستیان بە پەرەپێدان و فراونترکردن هەیە، ده‌توانرێت بگوترێت، ئێستای هەرێمی کوردستانی عێراق "زۆر زۆر جیاوازترە" لە 5 ساڵ لەمەوپێش, ئێستا کوردستانی عێراق لە رووی سیاسی، دیبلۆماسی، ئەمنی، لە رووی ناساندنی مەسەلەی خۆیەوە لە ئاست و پێگەیەکی "زۆر بەهێزدایە".

هەروەها هێمن هەورامی له‌ بارەی کۆبووەنەوەکانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ئەمریکییەکان و پشتگیریكردنى هەرێمی کوردستان و هاوکاری ‌هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ تیرۆرستانی داعش رایگەیاند, ئه‌وان لە کۆبوونەوەکان ئەنجاميانداون، لەگەڵ هەر یەك لە وەزیری بەرگری ئەمریکا, جێگری سەرۆکی ئەمریکا, برێت ماکگۆرک, نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەری تیرۆر لەگەڵ 20 سیناتۆر و کۆنگرێسمان, واتە جەنابی سەرۆک و شاندی یاوەری 4 کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکییەکان هەبووە، لە هەر چوار کۆبوونەوەکە جەخت کراوەتەوە لەسەر بەردەوامی و فراوانترکردن و باشترکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە شەری تیرۆر".

ئه‌م هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیكردنه‌كه‌ش، وه‌ك هێمن هه‌ورامی ئاماژه‌ی بۆ كرد، پاراستنی سەقامگیری هەرێمه‌ لە هەماهەنگیکردن بۆ کاریگەریدانانێکی پۆزەتیڤانەتر لەسەر ئەو هاوکێشانەی پەیوەندییان بە دۆخی عێراقی دوای مووسڵ و تا بە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی تریشەوە هەیە".

له‌ چوارچێوه‌یه‌دا، هێمن هه‌ورامی گوتی: " دەتوانم ئەوە بڵێم ئیدارەی ئێستای ئەمریکا درێژەپێدەری سیاسەتی هەماهەنگی و هاوکاریکردنی ئیدارەی پێشووتری ئۆباما دەبێت و رەنگە لە هەندێك قۆناخدا ئەم ئیدارەیە زیاتر لە ئیدارەی ئۆباماش لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا بێتە پێش".

هێمن هەورامی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسەکانیدا, سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوخۆی کوردستان و پەیوەندی نێوان حیزبەکانەوە رایگەیاند, بە هەموو شێوەیەک ئەوە رەت دەکەنەوە سەرۆك تەنها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خەریک بێت و لە سەر ئاستی ناوخۆش خەریکی پشتگیری نەبێت و گوتی: "جەنابی سەرۆك پێش ئەوەی سەفەری ئەمریکا بکات لە پێش 8/5/2015 لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان کۆبۆوە، پێیگوتن کە من دەچم لەگەڵ ئۆباما شاندی سیاسی لەگەڵ خۆم دەبەم باسی سەربەخۆيی دەکەم رای ئێوە چییە؟".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "کە هاتەوە جارێکیتر جەنابی سەرۆك لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە, ئەو کاتیش پێیگوتن و داوای لێکردن کە هەر لایەنێکی سیاسی پڕۆژە نەخشە رێگایەکی عەمەلی بەکاربێنێت بیهێنێتە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوەی پێکەوە لەسەر پرسی سەربەخۆيی کار بکەین".

راوێژكاری سه‌رۆك بارزانی، راشیگه‌یاند، دوای ئەوە جەنابی سەرۆک چەندین جار لە پەیامەکانی, كه‌ به‌ گوته‌ی ئه‌و هەمووی لەسەر ئەو چوارچێوەیە بوونه‌ "ئێمه‌ پێوسیتمان بەوە هەیە یەکڕیزی نێو ماڵی خۆمان باشتر یەک بخەینەوە, بۆ ئەوەی بپرژێینە سەر پرۆسەی سەربەخۆيی, بۆ ئەوەی بتوانین هەموو هێز و لایەنەکان, هەتا سنوورێك بتوانین کۆك بین, لەسەر ئەوەی کە کام میکانیزم بگرینە بەر".