لە رێگەی ئەپلیکەیشنێك هۆشیاری سێکسی بڵاودەکرێتەوە

ژنانی دووگیان پێش ھاوسەرگیری تووشی كێشە دەبن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە میانمار ئەو کچانەی لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دووگیان دەبن وەك پەڵەیەکی رەش لەسەر دەموچاوی خێزانەکانیان تەماشا دەکرێن. هەر بۆیەش ناچار دەکرێن لە شوێنێکی دوور لە ماڵەوەیان بمێننەوە تا منداڵەکانیان دەبێت و دواتر ناچار دەبن دەست لە منداڵەکانیان بەر بدەن. ئێستا کۆمەڵێک چالاکوان هەوڵدەدەن لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی مۆبایلەوە هۆشیاری سێکسی لەناو کچانی گەنجدا بڵاوبکەنەوە و رێگری لە دروستبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە بکەن.

ئایە مار، یەكێكە لەو كچانەی پێش شووكردنی دووگیان بووە. ئەو لەگەڵ کوڕی میرئاوی گوندەکەیان کەوتە داوای خۆشەویستییەوە، بەڵام کوڕی میرئاو نەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ بكات.

ئایە مار، دەڵێ: "ناتوانم منداڵەکەم لەگەڵ خۆم ببەمەوە ماڵ. خەڵك سووکایەتیمان پێ دەکەن. بۆیە کە لەدایکبوو لە سەنتەرێك بەجێی دەهێڵم".

دوای ئەوەی کچێك بەهۆی دووگیان بوونی خۆی کوشت، پزیشکەکەی سەنتەرێكی دامەزراند تا رێگری لە خۆکوژی ئەو کچانە بکات، کە بەهۆی ھاوسەرگیرییەوە لەناو كۆمەڵگە تووشی كێشە دەبن. بەڵام ژمارەیەکیان دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەیانبەنە ماڵەوە، هەرچەندە بەبۆنەی منداڵەکەوە تووشی ئەشکەنجەیەکی دەروونی زۆر دەبن.

دکتۆر میات سەندار تانت، دامەزرێنەری دەزگای دایکانی تەنیا ئاماژە بەوە دەكات: "نەوەی نوێ دەتوانێت ئەم کچانە قبووڵ بکات، لێیان تێدەگات، بەڵام نەوەی کۆن، دایکوباوکان یان خەڵکی لادێیەکان ئەم کچانە رەتدەکەنەوە".

هەم لە قوتابخانە و هەمیش لەناو ماڵدا باسکردنی بابەتی سێکسی شتێکی ناپەسەندە لەبەر ئەوەش کچانی میانمار زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر شێوازەکانی رێگری لە دووگیانی نییە. هەر بۆیەش کۆمەڵێك چالاکوانان لە رێگەی ئەپلیکەشنێکی مۆبایلەوە، دەیانەوێت ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە و زانیاری بگەیەننە كچان.