چۆنیه‌تی درووستكردنی یاری (PUBG) كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئالووده‌ی بووه‌

به‌كارهێنه‌رێكی یه‌كجار زۆر ئالووده‌ی بوونه‌

K24 - هه‌ولێر:

ناوچەیەکی رووخاو و چۆڵی، بێژیانی پڕ لە چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی سەیر، دارو درەختی ناسرووشتی و باڵەخانەی سەیروسەمەرەیە، تۆ لەگەڵ 99 کەسی نەناسراو لە نێو فرۆکەیەک به‌ په‌ره‌شووت فڕێدەدرێنە خوارەوە تاوەکو بگەنە ئەم شوێنە.

کە دەگەیتە سەر خاکەکەی ئەم دوورگەیە، ئەگەری مردنت زۆرە، چونکە جگە لە خۆت 99 کەسە نەناسراوەکە ئارەزووی دیتنت دەکات تاوەکو لەناوت ببات، هەموو بەیەکەوە بەدوای کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی دەگەڕێن، هەر سەد کەسەکە هەوڵی بردنەوەی دەدەن کۆتا کەس لە ناوچەکە بە زیندووی بوەستن، کۆکردنەوەی چەک و گوللـەبەند و سکۆپی جۆراوجۆر ئەرکە سەرەکییەکەيه‌ تاوەکو خۆت بەهێز بکەیت، دڵت زۆر خۆشە کاتێک شتێک دەدۆزیتەوە لە نێو خانووێک بەڵام کەسێک بە شۆت گەنێک بە بێ ئەوەی ئاگات لێیبێت، لەناوت دەبات.

خەڵکی هەموو کاتێک یارییەکی باتڵ رۆیاڵیان دەویست، باتڵ رۆیاڵ واتە شەری مانەوە لە ژیان، لە 100 کەس یەک کەس بمێنێتەوە، بەڵام هەرگیز یارییەکە دروستنەدەکرا، تاوەکو چەند فیلمێکی باتڵ رۆیاڵ دروستکرا، لە فیلمێکی ژاپۆنی بەناوی تین دێث ماچ باتڵ رۆیاڵ باسی چەند قوتابییەک دەکات لە دوورگەیەک لە دژی یەک شەر دەکەن شەری مانەوە لە ژیان دەکەن، گەیمەران شتێکی لەم شێوەیان بۆ گەیمێک دەويست، بەڵام درووستنەکرا.

لە دوای چەند ساڵێک, فیلمی هەنگەر گەیمز هات بەهەمان شێوە باتڵ رۆیاڵە، چەند منداڵێک شەڕی مانەوە لە ژیان دەکەن کەسێکیان دەبێت براوەی کۆتایی بێت و ئەوانی دیکە لە ناوببات، خەڵکی یارییەکی لەم شێوەیان دەوێت، لە کۆتاییدا پیاوێك به‌ناوی برێندن گرین، درووستی کرد.

برێندن گرین درووستكه‌ری سه‌ره‌كی یارییه‌كه‌ و چانگن كیم، په‌ره‌پێده‌ری یارییه‌كه‌
برێندن گرین درووستكه‌ری سه‌ره‌كی یارییه‌كه‌ و چانگن كیم، په‌ره‌پێده‌ری یارییه‌كه‌

برێندن گرین درووستکەری یاری نەبوو، بەڵکو فۆتۆگرافەرێك بوو، لە بەرازیل لە خۆشەويستەکەی جیا بووەوه‌،  دواى جیابوونه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئیرله‌ندا كه‌ خه‌ڵكی ئه‌وێیه‌، لەوێ بێ کار دادەنیشێت و بیر دەکاتەوە، حەزی دەچێتە یارییە ڤیدیۆییه‌کان، چەند مۆدێکی جیاواز بۆ یاری (دەی زی) درووستدەکات، یارییەکی تەقەکەر شێوەیەکی باتڵ رۆیاڵی پێدەدات، دواتر دەبێتە (ئێچ وەن زی وەن).

هه‌رچه‌نده‌ برێندن بۆ كۆمپانیای سۆنی کاری دەکرد، بەڵام وازی هێنا گەشتێكی بۆ کۆریای باشوور ئه‌نجامدا و له‌وێش کەسێکی بەناوی (چان هان کیم) ناسى كه‌ دروستکەرێکی گەیم بوو، بەیەکەوە بیرۆکەی یاری باتڵ رۆیاڵیان تاووتوێکرد، یارییەکیان دروستکرد بەناوی (پڵەیەر ئەننەونس باتڵ گراوند) كه‌ كورتكراوه‌كه‌ی (پەبجی)يه‌ و هه‌ر به‌و ناوه‌ش ناسنراوه، کاتێك دەستیان بە درووستکردنی کرد، دەیانەویست لە ماوەی ساڵێک یارییەکە بۆ یاریکردن ئامادەبێت.

یارییەکە لە 2016 دەستی بە بەرهەمهێنان کرد، هەوڵیان دا بەشێوەیەکی خێرا یارییەکە بە نرخێکی هەرزان بیگەیەننە گەیمەران، هاوكات لە رێگەی ئەپدەیتەوە لەگەڵ تێپەر بوونی کاتی یارییەکە باشتر بکەن، سه‌ره‌تاش یارییەکە تەنیا بۆ پیسی واتە کۆمپویتەر بەردەستخرا.

سه‌ره‌تا په‌بجی یارییەکی بچووک، یەک مۆد، یەک نەخشە بوو، لەدوای بەردەستبوونی، ئینجا چەک و دەمانچەی زیاتر بەردەستخرا، لەو کاتەی بەردەست خراوە تاوەکو ئێستا ئەم یارییە هەر بەم شێوەیە بووە تەنیا نەخشەی نوێی بۆ زیاد کراوە، کاتێک بەردەست خرا هیچ شتێکی لەم شێوەیە نەبووە, لە جیهان یارییەکی تەواو جیاواز، کاتێکی خۆش و به‌خێرایی گەیمەرانی ئاڵوودەکرد.

نەخشەی یارییەکە تاکە کارەکتەری یارییەکە بووە، نەخشەی مینامار شوێنەکانی نەخشەکە ئایکۆنییە و بەناوبانگترین نەخشەی یارییەکەشە تاوەکو ئێستاش، بە دەیان ملیۆن جار لە ماوەی چوار مانگ یارییەکە یاری پێکراوە، لە ماوەی تەنیا 3 رۆژ یازدە ملیۆن دۆلار داهاتی یارییەکە بووە، تاوەکو مانگی چواری 2017 بە نرخی 30 دۆلار توانی ملیۆنێک کۆپی بفرۆشێت، لەدوای چەند مانگێک چوار ملیۆن کۆپی لێفرۆشرا، لە ناوەڕاستی 2017 پەبجی بووە یاری ژمارەی یەکی خزمەتگوزاری ستیم لە کۆمپیوتەر، یاریيەکە بە پێش چەندین یاری گەورەی کۆمپیوتەر وەکو (دۆتا توو) و (لیج ئۆف لێگەندس) کەوتەوە، یارییەکە بەردەوام بوو لەگەورە بوونی بەڵام (فۆرتنایت) هات، ئەو گەورەبوونەوەی لە کۆمپیوتەر و ئێکسبۆکس وەن وەستاند، چونکە فۆرتنایت یارییەکی بە خۆڕاییە و لە پلەیستەیشن فۆریش بەردەستە، بەڵام پەبجی تەنیا پیسی و ئێکبۆکس وەن ئێکسە.

پەبجی لە مۆبایل زیاتر یاری پێدەکرێت و رۆژانە ملیۆنێک دۆلار داهاتی هەیە، داهاتووی یاریکردنی باتڵ رۆیاڵی وەکو (پەبجی) و (فۆرتنایت) لە پەرەسەندن دان و کەس نازانێت چۆن چۆنی گەشەیان پێدەدرێت.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

ئ. م