ئەو هۆکارانەی کە وات لێدەکەن بەردەوام خەواڵوو بیت
K24 – ههولێر:
هەندێک کەس بێ ئەوەی کێشەی تەندروستییان هەبێت، هەمیشە خەواڵوون و رۆژەکەیان بە بیرکردنەوە لەسەر دووبارە چوونەوە نێو جێگاکەیان بەسەر دەبەن.
ئۆلیڤیا ئارێزۆلۆ، پسپۆڕی بواری خەو، چەند هۆکارێک بۆ ماندوویی بەردەوام و خەواڵویی ئاشکرا دەکات کە زۆرمان رەنگە ئەنجامیان بدەین.
نەکوژاندنەوەی گڵۆپ
بوونی ئامێرەکانی وەک مۆبایل و تابلێت کاریگەری لەسەر خەو دروست دەکات، بەڵام بوونی گڵۆپیش کاریگەری هەیە.
گڵۆپی خامۆشنەکراو لە ژووری نوستندا، هۆرمۆنی مێلاتۆنین تێکدەدات و ناهێڵێت مرۆڤ بچێتە خەوی قوڵەوە.
دووبارەکردنەوەی زەنگی مۆبایل
بەیانیان کە بە زەنگی مۆبایلەکەت بە خەبەر دێیت، پێنج خولەکی دیکە زەنگەکە دوامەخە تا زیاتر بخەوی چونکە قۆناغەکانی خەو تێکدەدات و لەشت ماندوو تر دەکات.
خۆشۆردن پێش خەوتن
هەندێک کەس دەچنە گەرماو و ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە، دواتر دەچن دەخەون، بەڵام بەم کارە، پلەی گەرمی لەشیان تێک دەچێت و خەوێکی نا ئاساییت دەبێت.
کاری شەوانە
ئەو کەسانەی بەشەو کار دەکەن، شەپۆلەکانی مێشکیان زۆر چالاک دەبن، بەمەش کاتێک دێنەوە و دەیانەوێت بنون، پێویستیان بە کاتێکی زیاتر دەبێت تاکو خەویان لێ بکەوێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، هەوڵبدە یەک کاتژمێر پێش نووستن بچیتە گەرماو و کاتێکیش لە کارەکەت دەگەڕێیتەوە کاتەکانت بە خوێندنەوە، مۆسیقایەکەی ئارام کەرەوە یاخود قسەکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت بەسەر ببەی.
خواردنەوەی کحول
خواردنەوە کحولییەکان شەکرێکی زۆریان تێدایە و وات لێدەکات بۆ رۆژی دواتر زیاتر هەست بە ماندووبوون بکەیت، مەگەر ئەوەی سێ کاتژمێر پێش خەوتن، دەست لە خواردنەوە هەڵبگری.
سەردانەکردنی کەسانی شارەزا
ئەگەر شەوان خەوت لێناکەوێت و کێشەت هەیە، زۆر گرنگە سەردانی پزیشک و کەسانی پسپۆڕ بکەیت تاکو چارەسەری پێویست وەربگریت.
سەرچاوە: دەیلی مەیل
H.J