دوای مردنی کچەکەی نامەیەک ئاراستەی دایک و باوکان دەکات

منداڵێک بەهۆی دەست نەشۆردنی باوکی گیانی لەدەستدا

K24 – هه‌ولێر:

جێف زۆر دڵخۆش بوو بەوەی خودا کچێکی جوان و تەندروستی پێبەخشی، بەڵام دوای تەنها یەک هەفتە کچەکەی بەهۆی ڤایرۆسێک کە لە خۆیەوە بۆی گوازرابۆوە گیانی لەدەستدا.

ئێستا جێفی دڵشکاو نامەیەک ئاراستەی دایک و باوکان دەکات، تاکو ئەوەی بەسەر ئەودا هات، دڵی هیچ دایک و باوکێکی دیکە نەشکێنێت.

جۆرە ڤایرۆسێکی بڵاو بە ناوی (هێرپێس سیمپلێکس) هەیە کە بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی لەسەر مرۆڤی پێگەشتوو بەدیار ناکەوێت، ناتواندرێت کەسێک کە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە دیاری بکرێت، بەڵام بۆ منداڵی ساوا کوشندەیە و بەرگری جەستەی تەواو لاواز دەکات.

گەر کەسێک هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت، دەبێت پێش ئەوەی دەست لە منداڵی ساوا بدات، دەستەکانی باش بشوات تاکو ئەو ڤایرۆسە بۆ ساواکە نەگوازرێتەوە.

جێف لە نامەیەکیدا کە پێگەی ئەلیکترۆنی میرۆر بڵاویکردۆتەوە، نووسیویەتی: "مالۆری (کچەکەی) هەمیشە دەستی لە دەم و چاویدا بوو، بەردەوامیش پەنجەکانی دەمژی، ئەمەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی منداڵەکەم ڤایرۆسەکەی بۆ گوازرابۆوە".

ئەو باوکە ئامۆژگاری دایک و باوکان دەکات و دەڵێت: "دەکرێت هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بیت و هیچ نیشانەیەکیشی نەبێت. ئەگەر منداڵێکی نوێتان هێنایە دونیاوە. هەر کەسێک کە دەیەوێت دەستی لێبدات با سەرەتا دەستی زۆر بە باشی بشوات".

مالۆری تەنها چەند رۆژێک تایەکی زۆری هەبوو، پاشان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانی لەدەستدا، ئەمەش وای لەو باوکە کرد داوا لە گشت دایک و باوکان بکات هۆشیاربن لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی ساوادا.

بەهۆی ئەوەی منداڵی ساوا بەرگری لەشی لاوازە، رەنگە ڤایرۆس یان بەکتریایەکی ئاسایی مەترسی بۆ ژیانی دروستبکات، بۆیە پێویستە دایک و باوکان دڵنیابن لەوەی ئەو کەسانەی دەست لە منداڵەکانیان دەدەن یاخود ماچیان دەکەن، تەندروست بن.

H.J