توێژینەوەیەک هۆشداریی لە پیسیی مۆبایل دەدات

بزانە هەر مۆبایلێک چەند لە تەوالێتێک پیسترە

K24 – هه‌ولێر:

رەنگە تەنها بەوەی بزانی مۆبایلەکەت چەند پیسە، هەر ئێستا لەدەستت فڕێیبدەیت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی بەشی باکتریالۆجی لە زانکۆی ئابێردینی سکۆتلەندا، بەشێوەیەکی گشتی، هەر مۆبایلێک، حەوت جار لە سەری تەوالێتە رۆژئاواییەکان پیسترە.

زانکۆکە ئامێری تایبەتی بە پێوانی رێژەی پیسیی و بەکتریا بەکارهێناوە، بەگوێرەی پێوەرێکی تایبەت، رێژەی پیسی تەوالێت 220 پلەیە، بەڵام مۆبایل 1497 پلەیە (چەند پلەکە بەرزتر بێت، پیسیی نموونە وەرگیراوەکە زیاترە).

هوغ پێنینگتۆن، پرۆفیسۆر لە زانکۆکە لە بارەی توێژینەوەکە دەڵێت: "دەستبردن بۆ مۆبایلەکەت وەکو دەستبردن بۆ دەستە سڕێکی پڕ میکرۆب وایە، کە رۆژانە چەندین جار دەستی بۆ دەبەیت".

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو بەکتریا و زیندەچە زیانبەخشانەی سەر مۆبایلەکان نەخۆشمان دەخەن، پرۆفیسۆر دەڵێت: "زۆرێک لەو زیندەچە زیانبەخشانە کە لەسەر مۆبایل هەن بۆ خاوەنی مۆبایلەکە دەگەرێننەوە، بۆیە دووچاری نەخۆشیمان کەم دەکەن، بەڵام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بە ڕێژەیەکی کەم هەیە".

بە واتایەکی دیکە، ئەگەر مۆبایلێک لەلایەن چەند کەسێکی جیاوازەوە بەکاربهێندرێت، مەترسی نەخۆشخستنمان زیاتر دەکەن.

لە توێژینەوەیەکی دیکەدا، سوکلی زانستی لەندەن ئاشکرایکردووە، زیندەچەی ئیکۆلای و چەند زیندەچەیەکی بەرپرس لە تێکدانی گەدە لەسەر مۆبایلەکان هەن و رێژەیان زۆرە.

هەروەها، ئەو کەسانەی مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە تەوالێت، مۆبایلەکانیان پیستر دەبێت.

پێویستە مۆبایلەکان خاوێن بکرێنەوە و پێش بەکارهێنانیان دەستمان بشۆین و لە هەموو شوێنێک بەکاریان نەهێنین.

سەرچاوە: Daily Mail

H.J