حکوومەتی کۆڵۆمبیا بە مردوویش لە پابلۆ ئێسکۆبار ناگەڕێ

مۆزەخانەکەی رۆبێرتۆی برای کا تایبەت بوو بەژیانی ئێسکۆبار دادەخەن

K24- هه‌ولێر:

پۆلیسی کۆڵۆمبیا مۆزەخانەیەک کە تایبەت بوو بە ژیان و کارەکانی گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەری کۆڵۆمبی، پابلۆ ئێسکۆبار، لە شاری مێدێلین دادەخەن و تۆمەتی نەبوونی مۆڵەتی گەشتیاری دەدەنە پاڵ.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئەی بی سی نیوز، لەکاتی داخستنی ئەو مۆزەخانەیە، چەند سەردانکەرێک لەناو مۆزەخانەکە هەبوون، بەڵام پۆلیس دەریکردوون و لەسەر دەرگا و پەنجەرەی مۆزخەخانەکە نووسیویانە " مۆزەخانەکە داخراوە".

خاوەنی مۆزەخانەکە، رۆبێرتۆیە کە دەکاتە برای ئێسکۆبار. ئەو برا 71 ساڵەی بازرگانە ناسراوەکەی کۆڵۆمبیا، لە رێگای ئەو مۆزەخانە، ژیانی براکەی نیشان دەدا کە چەند بەشێکی تەرخانکردبوو بۆ نیشاندانی ئەو زیندانەی ئیسکۆبار بۆخۆی دروستکردبوو.

فێدێریکۆ گوتیرێز، پارێزەری شاری مێدێلین، لەسەر داخستنی ئەو مۆزەخانەیە هاتە دەنگ و گووتی: "بوونی مۆزەخانەکە یاسایی بووە، بەڵام ئەو جۆرە کارانە پەرە بە کەلتووری مافیاگەری دەدەن و دەبێت دابخرێن".

فێدێریکۆ دەشڵێت: "لەبری ئەوەی کەسێکی زیانبەخش بکەینە ئەفسانە،  بۆ باسی چیرۆکی ئەوانە نەکەین کە بوونە قوربانی ماددەی هۆشبەر؟".

پابلۆ ئیمیلیۆ ئیسکۆبار گاڤیریا، بە گەورەترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە جیهان تەماشادەکرێت بەوەی خاوەنی 80%ی ئەو کۆکاینە (جۆرێکی ماددەی هۆشبەر) بوو کە دەچووە ئەمەریکا ، هەروەها لە کاتی گەیشتنی بە لووتکەی دەوڵەمەندی، ساڵانەی نزیکەی 22 ملیار دۆلار داهاتی هەبوو.

دوای دەستنیشانکردنی شوێنەکەی لەلایەن پۆلیسەوە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1993، لە ناوچەی لۆس ئۆلیڤۆس سەر بە شاری مێدێلین ، ئیسکۆبار لەکاتی هەڵهاتنی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.

H.J