K24 – ههولێر:
بزنێک بڕی 20 هەزار یۆرۆی خاوەنەکەی دەخوات و خاوەنەکەشی لە بەرامبەردا، دەیکاتە قوربانی ژەمێکی نان خواردنی رۆژنامەنووسان.
لە گوندی ئاراندیێلۆڤاک لە وڵاتی سڕبیا، بزنێکی برسی بەناوی بێلکا تەواوی ئەو پارەیە دەخوات کە خاوەنە جووتیارەکەی نیازی هەبووە، 10 دۆنم زەوی پێبکڕێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، ئەوجووتیارە و خێزانەکەی، ساڵانێکی زۆرە کار دەکەن و پارە کۆدەکەنەوە، رۆژێک، تەواوی پارەکەیان ئامادە دەکەن تاکو چەند پارچە زەوییەکی پێ بکڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەرگای دەرەوەیان دانەخستووە، بزنە برسییەکە چووەتە ژوورەوە و تەواوی پارەکەی خواردووە.
میلێنا سیمیک، جووتیارەکە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە پارەکەمان ژمارد و لەسەر مێزەکەمان دانا، چاوەڕێی خاوەن زەوییەکە بووین کە بێت و واژووی گرێبەستی فرۆشتنی زەوییەکە بکات و پارەکەی ببات".
"دواتر چووینە مەتبەخ تاکو نان بخۆین، باوکم چووبووە دەرەوە تاکو خواردن بە مانگاکان بدات و بیری چووبوو دەرگای چوونە دەرەوە دابخات، بزنەکەش هاتبووە ژوورەوەو پارەکەی خواردبوو".
لە دوای رووداوەکە، ئەو خێزانە دووچاری بارێکی دەروونی ناخۆشبوون و خەم و پەژارە دایگرتوون، بەڵام لەکاتی سەردانی چەند رۆژنامەنووسێک بۆ ماڵەکەیان، بڕیاریاندا بێلکا بکەنە ژەمە خۆراکێک و پێشکەشی رۆژنامەنووسانی بکەن.
H.J
نەخشەی ماڵپەر | سیاسەتی پاراستنی نهێنییەکان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندیی | هەلی کار