له ملیۆنێری و ژیانی شاهانه‌وه بۆ نووستنی سه‌رشه‌قام و پاشماوه‌ی خۆراك
K24 - هه‌ولێر:
خانمه ملیۆنێرێكی ئێرانی، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاری میلانۆی ئیتاڵیا دۆزرایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی شه‌ش مانگ بێسه‌روشوێن بوو، له‌و ماوه‌یه‌شدا، له ژیانێكی تاڵ و به ئازار ژیاوه.
ئه‌و خانمه به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانییه، له‌لایه‌ن گرووپێك چه‌ته‌وه هێرشی ده‌كرێته سه‌ر و به‌شێكی زۆر سامانه‌كه‌ی ده‌به‌ن، له‌و كاته‌وه یادگه‌ی له‌ده‌ستداوه و هیچی له‌بیر نییه.
خاتوون له ژیانی شاهانه بۆ خۆراكی سه‌ر ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌كان
ئاریان لاك، ته‌مه‌ن 51 ساڵ، ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی شای قاجارییه‌كانی ئێرانه، به خه‌وتوویی له‌سه‌ر شه‌قامێكی قه‌ره‌باڵخی میلانۆ دۆزرایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له مانگی ئاداری ئه‌مساڵ، له ماڵه‌كه‌ی چووه‌ته ده‌ره‌وه ون بوو.
ئاريان پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنانی فیلم بووه، ماوه‌ی شه‌ش مانگ ون بوو، دواتر له شه‌قامێكی نزیك گۆڕه‌پانی چیزاری بیكاریای میلانۆ دۆزراوه‌ته‌وه.
ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خانمه ملیۆنێره، په‌نایان بردووه‌ته به‌ر لێكۆڵه‌رێكی تایبه‌ت، ئاريان, وڵاتینامه‌ی به‌ریتانی هه‌یه، له ئێران له‌دایكبووه و نیشته‌جێی ئیتاڵیایه، چوار زمانیش ده‌زانێت.
تا ئێستا هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی پۆلیسی به‌ریتانیا و ئیتاڵیا له گه‌ڕان و پشكنین به‌دوای ئاریاندا روون نه‌كراوه، بۆیه كه‌سوكاره‌كه‌ی په‌نایان برده به‌ر لێكۆڵه‌ری تایبه‌ت.
ناسنامه‌ی لێكۆڵه‌ره‌كه ئاشكرا نه‌كراوه، ته‌نها هێنده نه‌بێت، كه به ره‌گه‌ز، ئه‌لبانییه و پێشتر ئه‌فسه‌ی پۆلیس بووه له وڵاته‌كه‌ی.
هه‌ژارنشیان، كه له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ره تایبه‌ته‌كه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه، گوتویانه له‌سه‌ر شه‌قام بینراوه، سه‌رتاشخانه‌یه‌كیش رایگه‌یاند، زۆرجار سه‌ر و قژی ئاریانی داهێناوه.
له كۆتاییدا لێكۆڵه‌ره‌كه، ئاریانی دۆزییه‌وه، به‌ڵام سه‌روسیمای ته‌واو گۆڕاوه و هیچ شتێكی له بیرنه‌ماوه، بۆیه ناچار بوو بانگی خوشكه‌كه‌ی بكات له به‌ریتانیاوه بێته میلانۆ، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری بكات.
ئاريانى ملیۆنێر چی خواردووه؟
ئاريان ده‌ڵێت، هیچم له‌بیر نییه، له‌وانه‌یه من به دیل گیرابم، ده‌ستدرێژی كرایه سه‌رم و دزیان لێكردم، له كاتی دزییه‌كه‌ش كه‌وتم و سه‌ر به‌ر زه‌وی كه‌وت.
ئاریان، ئه‌گه‌رچی هیچ شتێكی به ته‌واوه‌تی له یاد نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوتووه، خه‌ڵكی میلانۆ هاوكارم بوون، به‌رده‌وام یارمه‌تییان ده‌دام و خواردنیشیان پێشكه‌ش ده‌كردم، به‌ڵام من ره‌تم ده‌كرده‌وه و قه‌بووڵ نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو دواتر ده‌چوومه سه‌ر ته‌نه‌كه‌ی زبڵ و پاشماوه‌ی خۆراكم ده‌خوارد.
سندووقى لووسی بلاكمان، كه رێكخراوێكی به‌ریتانیا و هاوكاری قوربانییه به‌ریتانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات، هه‌واڵی ئه‌وه‌ی به كه‌سوكاره‌كه‌ی دابوو، ئاریان له هۆتێلی Residence Di Coro له میلانۆی ئیتاڵیا ماوه‌ته‌وه.
دواى ئه‌و هه‌واڵه‌ش كه‌سوكاره‌كه‌ی په‌یوه‌ندییان به هۆتێله‌كه‌وه كرد، هۆتێله‌كه‌ش له وه‌ڵامدا پێیگوتبوون، ئاریان چووه‌ته هۆتێلێكی دیكه‌ی نزیك ئه‌وان.
دواجار ئاريان دۆزرایه‌وه، له باره‌ی كه‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی ئه‌و ژنه ملیۆنێره، له ئه‌كاونته تایبه‌ته‌كه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسراوه: "ئه‌میره، له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 1966 له دایكبووه، ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی پاشای قاجارییه و په‌یوه‌ندی خوێنیین له‌گه‌ڵ فرانكۆی قه‌وقازی هه‌یه".