ژمارەی ئەو شناوانەی دەیکەیت تەندروستی دڵت نیشان دەدات

چەند شناو بکەیت دڵت تەندروستە؟

K24 – هه‌ولێر:

ئەو کەسانەی دەتوانن زیاد لە 40 شناو (Push-ups)  بەیەکجار ئەنجام بدەن، بەڕێژەیەکی بەرچاو مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵدە تیایاندا کەمە.

ئەو پیاوانەی تەمەنیان مامناوەندە و دەتوانن بەیەکجار 40 شناو بکەن، بە رێژەی 96% کەمتر نەخۆشییەکانی دڵیان تووش دەبێت بە بەراورد بەوانەی کەمتر لە 10 شناو دەکەن.

جەستن یانگ، پزیشک لە سکوڵی پزیشکی زانکۆی هارڤارد تی ئێچ چان لە شاری بۆستنی ئەمەریکا، توێژینەوەکەی ئەنجامداوە و دەڵێت: "ئێمە ئاشکرامان کرد کە شناو کردن رێگایەکی کاریگەر و بێ پارەی کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی دڵە".

دەشڵێت: "جێگای سەرسوڕمانی ئێمەش بوو کە زانیمان، شناوکردن کاریگەری زۆرتری لەسەر دڵ هەیە تاکو ئامێرەکانی راکردن".

ئاماژە بەوەش دەکات، وەرزشکردن و خواردنی تەندروست، باشترین هاوڕێی دڵن.

نەخۆشییەکانی دڵ کووشندەن و یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی مرۆڤ لە جیهاندا، هۆکارەکەشی بۆ زۆری کۆلیسترۆل، جگەرەکێشان و وەرزشنەکردن دەگەڕێتەوە.

Daily Mail

H.J