شێوەی کێشوەرەکانی زەوی بەر لە 335 ملیۆن ساڵ ئاشکرا دەکرێت

بزانە هەرێمی کوردستان بەر لە 335 ملیۆن ساڵ کەوتبووە کوێوە

K24 – هه‌ولێر:

335 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، تەواوی کیشوەرەکانی گۆی زەوی پێکەوەبوون بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی زانستی، 175 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستیانکردووە بە جیابوونەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانی، هەندێک لە زانایان بڕوایان وایە بە تێپەڕبوونی کات و چەند هۆکارێکی زانستی ئاڵۆز، کە ساڵانە کیشوەرەکان بە رووبەرێکی کەم دەجووڵێنێت، بوەتە هۆی لێکدابڕانی کیشوەرەکان.

ماسیمۆ پیەترۆبۆن، هونەرمەند، بە سوود وەرگرتن لەو دۆزینەوە زانستییە، سنووری سیاسی ئێستای وڵاتانی لەسەر شێوەی زەوی بەر لە 335 ملیۆن ساڵ کێشاوە.

هونەرمەندەکە نەخشەی جیهانی کێشاوەتەوەو تیایدا چیدیکە بەریتانیا بە ئاو دەورە نەدراوە بەڵکو سنووری زەمینی لەگەڵ فەرەنسا، نەرویج و ئیرلەندا هەیە. هەروەها هەریەک لەو وڵاتانی مەغریب، مۆریتانیا، سەنیگال و کوبا بوونەتە دراوسێی ئەمەریکا.

کەنداش لەو نەخشەیە هاوسنوورە لەگەڵ دانیمارک، پورتوگال، مەغەریب، ئیسپانیا و جەزائیر.

لەو نەخشەیەدا، هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتەوە بە دەریا دەورە دراوە و لە جەمسەرەکانی دیکەش بە ئێران، تورکیا و عێراق سووریا دەورە دراوە.

بیردۆزی جوولەی کیشوەرەکان بۆ یەکەمینجار لەلایەن ئەلفرێد وێگێنەر، زانا و ئەستێرەناسی ئەڵمانی، لە ساڵی 1912 لە کۆمەڵگەی زەوی و ئەستێرەناسانی ئەڵمانیا پێشکەشکرا.

H.J