شەش هۆکار پیاوان نەزۆک دەکەن

پیاوان رۆژانە ئەنجامیان دەدەن و سپێرم لەناو دەبەن

K24 – هه‌ولێر:

شێوازی ژیان و ئەو کارانەی رۆژانە ئەنجامیان دەدەین کاری زۆر دەکەنە سەر سپێرم، چالاکی سێکسی و ئەگەریش هەیە ببنە هۆی نەزۆکی.

بۆ باشتر تێگەشتن لەم باسە، دەبێت سەرەتا سپێرم و سێمێن (تۆواو) لە یەک جیا بکەینەوە.

تۆواو لە کاتی ئۆرگازم (لەرزین و ترۆپکی جووت بوون) لە چووکی پیاوان دێتە دەرێ، هەرچی سپێرمە، بەشێکە لە تۆواو و بە کانزاکان دەوڵەمەندە و یارمەتی پیتاندن دەدات.

کاتێک پزیشکێک پشکنین بۆ بە پیتیی پیاوێک دەکات، ژمارە، شێوە و جووڵەی سپێرم دەخاتە ژێر چاودێری.

بۆ پیاوێکی ئاسایی، لەناو یەک میلیلیتر تۆواو، دەێت 15 بۆ 200 ملیۆن سپێرم هەبێت، کەمتر لەمە کەسەکە کێشەی دروستکردنی منداڵی دەبێت.

بۆ باشترکردنی کوالیتی و ژمارەی سپێرم، دەبێت رەچاوی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکەین:

کەم خەویی

گۆڤاری Medical Science Monitor لە توێژینەوەیەکی ئاشکرای کردووە، ئەو پیاوانەی کەمتر لە شەش کاتژمێر دەنوون، کوالیتی سپێرمان کەمە و چانسێکی کەمتریان هەیە کە سپێرمەکانیان بە زیندوویی بمێنەوە لە کاتی ئەنجامدانی سێکسدا.

خواردنەوە گازییەکان

توێژینەوەیەکی دانیمارکی کە ئەنجامەکەی لە گۆڤاری American Journal of Epidemiology بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە، خواردنەوە گازییەکان کاردەکەنە سەر کوالیتی سپێرم و زیانیان پێدەگەیەنن.

فشاری دەروونی

فشاری دەروونی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تۆواو و سپێرم هەیە، هەندێک لە پسپۆڕان بڕوایان وایە، فشاری دەروونی دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ستیرۆید، ئەمەش کار دەکاتە سەر ئاستی تێستۆسترۆن و بەرهەمهێنانی سپێرم.

خواردنەوە کحوولییەکان

ئەو کەسانەی خواردنەوە کحولییەکان زۆر دەخۆنەوە کوالیتی سپێرمان خراپترە لەو کەسانەی کەم دەخۆنەوە یاخود هەر ناخۆنەوە.

جیا لەوەش، کحول ژمارەی سپێرمەکان کەم دەکاتەوە.

جلی ژێرەوە

سپێرم زۆر هەستیارە بە گۆڕینی پلەی گەرمیی، بۆیەش گوون و چووک کەوتوونەتە دەرەوەی لەش.

زانکۆی هارڤارد تی ئێچ چان لە توێژینەوەیەکیدا ئاشکرای کردووە، ئەو پیاوانەی جلی ژێرەوەیان تەسکە، چڕی سپێرمیان 25% کەمترە لەوانەی جلی ژێرەوەیان تەسک نییە.

مۆبایل

دەبێت ئەندامی نێرینەی پیاوان لە کەشووهەوایەکی ساردا بێت، بوونی مۆبایل لە گیرفاندا ئەو پلەی گەرمییە دەگۆڕێت، لە ئەنجامدا، کوالیتی سپێرم خراپ دەبێت.

سەرچاوە:

NCBI.NLM.NIH.gov

SeattlesSpermBank.com

ScienceDaily.com

Natural News

H.J