کاریگەرترین رێگا بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان دۆزرایەوە
K24 - ههولێر:
بەگوێرەی نوێترین لێکۆڵینەوە، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ) یارمەتی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدات و زیانی زۆر کەمتریشی هەیە.
شارەزا و پرۆفیسۆرانی زانکۆی ئەنگلیای بەریتانی ئاشکرایان کردووە، ئەو کەسانەی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن، ناتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر جگەرەی ئاسایی چونکە تام و بۆنی ئەو جگەرە ئەلیکترۆنییانە، جگەرەی ئاسایی لەپێش چاوی جگەرەکێشهكان دەخەن.
کایترین نۆتلێی، دکتۆر لە بەشی پزیشکی زانکۆی ئەنگلیا، تاقیکردنەوەی لەسەر 40 کەسی جگەرەکێش کردووە و لە ئەنجامدا چەند ئەنجامێک بڵاودەکاتەوە.
لە لێدوانکیدا بۆ رۆژنامەی سەنی بەریتانی، ئەو پزیشکە لەبارەی توێژینەوەکەی گووتی: "ئەوانەی بە رێکەوت جگەرەی ئەلیکترۆنیان تاقیکردۆتەوە، ئەگەر نیازی وازهێنان لە جگەرەشیان نەبووبێت،جگەرەی ئاساییان وازلێهێناوە و جگەرەی ئەلیکترۆنییان دەستپێکردووە".
پزیشکەکە دەشڵێت: "جگەرەی ئەلیکترۆنی جێگرەوەیەکی درێژ خایەنی جگەرەی ئاساییە و زیانی کەمتریشە".
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی تەندروستی گشتی ئینگلتەرا، توێژینەوەیەکی بەفراوانی ئەنجامدا و ئاشکرای کرد،"جگەرەی ئەلیکترۆنی بە رێژەی 95% زیانی کەمترە لە جگەرەی ئاسایی، ئێستا باشترین و دیارترین رێگایە بۆ وازهێنان لە جگەرە بەشێوەیەکی هەمیشەیی".
لە توێژینەوەکەی ئەو رێکخراوە ئەوەش ئاشکراکراوە، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەم هەرزانتر و هەم چێژبەخشترە بۆ ئەوانەی لەسەری بەردەوام دەبن".
هەربەگوێرەی توێژینەوەیەکی دیکەی بەریتانی کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی ئینگلتەرا بۆ رووبەڕووبونەوەی شێرپەنجە ئەنجامدراوە، "جگەرەی ئەلیکترۆنی نیکۆتینیان تێدایە و هۆکاری ئالوودەبوونن، بەڵام تەندروسترن لە جگەرەی ئاسایی و بەرپرسیارنین بۆ ئەو زیانە گەورانەی توتنی جگەرەی ئاسایی دووچاری جگەرەکێشهكانی دەکەن".