فەرمانبەرێک شەش ساڵ دەوام ناکات و کەس پێی نازانێت

"لە ئیسپانیاش بندیوار هەیە"

K24- هه‌ولێر:

دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی بڕیار دەدات خەڵاتی رێزلێنان بدەنە ئەندازیار خواکین گارسیای تەمەن 60 ساڵ، دەردەکەوێت ئەو فەرمانبەرەی حکوومەت شەش ساڵە دەوامی نەکردووە و مووچەشی وەرگرتووە.

گارسیا ئەندازیاری ئاو و ئاوەڕۆیە لە شاری کادیزی ئیسپانیا، ماوەی شەش ساڵ نەچۆتە سەرکار، مووچەشی وەرگرتووە و کەسیش هەستی پێنەکردووە.

جۆرگی بلاس فێرناندز، جێگری پارێزگاری شارەکە، لەسەر ئەو حاڵەتە بە رۆژنامەی گاردیانی گووت: "ئەو هەر ناوی لە لیستی مووچەدا بوو، منیش بیرم کردەوە و بەخۆمم گووت، ئەم پیاوە دیار نییە، ئایا ئەو بەراستی لێرەیە؟ ئایا خانەنشینکراوە، ئایا مردووە؟"

پاشان فێرناندز دەچێتە فەرمانگەکە و لە هەواڵی گارسیا دەپرسێت، ئەوانیش پێی دەڵێن ساڵانێکە ئەوان گارسیایان نەدیتووە، دواتر، جێگری پارێزگار تەلەفونی بۆ دەکات و پێی دەڵێت کە ئەو لە یەک مانگی رابردوو چیکردووە لە فەرمانگە، بەڵام گارسیا وەڵام ناداتەوە.

دادگای شارەکە بەبڕی 30 هەزار دۆلار گارسیای سزادا بەوەی شەش ساڵ نووسینگەکەی بە چۆڵی جێهێشتووە.

کاری ئەو فەرمانبەرەی حکوومەت پلاندانان بووە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، لە کاتی بڕیاری خانەنشین و خەڵاتکردنی دەرکەوتووە کە "بندیوارە".

گارسیا هۆکاری نەچوونی بۆ سەرکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، هاوکارەکانی بەردەوام "گاڵتە و سوکاییەتییان" پێکردووە.

H.J