9 راپۆرتی رۆژنامەوانی نهێنی گەورەیان ئاشکرا کرد

چەند هەواڵێکی رۆژنامەکان سیاسەتی وڵاتانیان گۆڕیوە

K24 – هه‌ولێر:

دەکرێت رۆژنامەکان ببنە دەرخەری زۆر نهێنی شاراوە؛ بە تایبەت لەو جێگایانەی ئازادی رۆژنامەوانی تیایاندا زۆرە، بۆیە بەشێکی گەورەی سەرکەوتنی سیستمی دیموکراسی پەیوەستە بە رەوشی رۆژنامەوانی.

لەم راپۆرتە چەند کارێکی رۆژنامەوانی ئەمەریکی ئاماژەیان پێکراوە کە لەدوای خۆیان کاریگەری گەورەیان بە جێهێشتووە:

کۆنتراس

ئیدارەی رۆناڵد رێیگنی سەرۆکی پێشوتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە نهێنی پشتگیری لە گروپێکی تووندڕەو بە ناوی "کۆنتراس" لە وڵاتی نیکارگوا دەکرد، ئەمەش راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەسۆشیەتد پرێس لە ساڵی 1986 ئاشکرایکرد.

فرۆشتنی چەک بە ئێران

ئەسۆشیەتد پرێس و واشنتن پۆست لە ساڵی 1986 ئاشکرایان کرد، ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی چەند ئەندامێکی گروپێکی میلیشیای لوبنان کە سەر بە ئەمەریکا بوون، چەکی بە ئێران فرۆشتبوو.

جیاوازی رەنگ

رۆژنامەی ئەتلەنتا جۆرناڵ کۆنستیتیوشن لە 1ی پێنجی ساڵی 1988 ئاشکرایکرد، بانکەکانی شاری ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمەریکا، پێنج جار زیاتر قەرزی خانووبەرەیان بە خەڵکانی سپی پێست داوە تاکو رەش پێستەکان.

گروپی تاوانکار

جێری میشێل، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی کلاریۆن لێجەر لێکۆڵینەوەیەکی نهێنی لەبارەی چەندین تاوانی شاراوە لە ویلایەتی میسیسیپی ئەمەریکا ئەنجامدا و تیایدا چەندین باند و گروپی تاوانکاری ئاشکرا کرد کە دڕندانەترین تاوانیان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان ئەنجام دابوو.

جەنگی کوەیت

رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی ئەمەریکا لە 9ی 17ی ساڵی 1990 باسی لە خنکاندن و لە برسا کوشتنی منداڵانی وڵاتی کوەیتی لە لایەن سەربازانی ئەو کاتی سوپای عێراق کرد. دوا بە دوا ئەمەش، چەندین میدیای جیهانی بایەخیان بە داگیرکردنی کوەیت دا لە لایەن عێراقەوە و کاردانەوەی جیهانی دروست بوو.

نیمچە دوورگەی تیمور

کەس لەبارەی هێرشی وڵاتی ئەندەنووسیا بۆ سەر نیمچە دوورگەی تیموری نەدەزانی کە لە ساڵی 1975روویدابوو، تا لە ساڵی 1991 چەند رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی نیویۆرکەر چوونە ئەو نیمچە دوورگەیە و باسیان لە تاوانەکانی ئیندەنوسیان کرد بەرامبەر بە خەڵکی ئەو ناوچەیە، جیهان بینی کە چۆن لە چەند چرکەیەکدا، 250 هاووڵاتی ئەو دوورگەیە پێکەوە گوللـەباران کرابوون.

زیندانییەکان

لە ساڵی 1996، چەند رۆژنامەنووسێک لە رێگای گۆڤاری شیکاگۆ لۆیەر، بەدواداچوونیان بۆ چوار زیندانی رەشپێست کرد لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمەریکا کە دوانیان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

لە رێگای راپۆرتی ئەو رۆژنامەنووسانە دەرکەوت، ئەو چوار زیندانییە بە هەڵە گیراون، دوا ساڵێک، کەسێکی دیکە بە هەمان شێوە لە زیندان دەرهێنرا.

سەددام دەبێت بڕوا

گۆڤاری ویکلی ستانداردی ئەمەریکا لە 17ی یانزەی ساڵی 1997، لە رێگای سەرنووسەرەکەی، بیڵ کریستۆڵ، راپۆرتێکی نووسی بە ناوی "سەددام دەبێت بڕوا".

ئەو راپۆرتە باسی لە دەرکردنی پشکنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ئەگەری بوونی چەکی کیمیایی دەکرد، دواتر؛ هەردوو سیاسەتمەداری ئەمەریکا، زاڵمای خەلیلزاد و پاول وۆڵفۆویتز وتارێکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردووە و هەردوو کیشیان بوونە بەشێکی گرنگی ئیدارەی جۆرج بۆش.

بەشێک لە توێژەران نووسینی ئەو راپۆرتە بە بناغەی هێرشکردنە سەر عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە دەزانن.

ئەبو غرێب

لە مانگی پێنجی ساڵی 2003، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، نیویۆرک تایمز و ئەسۆشیەتد پرێس لە رێگای چەند چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ، مامەڵەی خراپی سەربازانی ئەمەریکای لە زیندانی ئەبوغرێب ئاشکر کرد، ساڵێک دوای ئەوە، سی بی ئێس، دۆکیومێنتەرییەکی 60 خولەکی لەسەر کرد و تیایدا نیشانی دا کە سەربازانی ئەمەریکا چۆن سوکایەتی بە زیندانییە عێراقییەکان دەکەن.

FAIR

H.J