ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت خاوه‌ن دڵێكی ته‌ندرووست بیت په‌یڕه‌وی ئه‌م سیسته‌مه‌ خۆراكییه‌ بكه‌

به‌م سیسته‌مه‌ خۆراكییه‌ دڵخۆش و ته‌مه‌ندرێژ ده‌بیت

K24- هه‌ولێر:

رۆژنامه‌ی میره‌ر ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی مه‌یدایندا توێژه‌رانی بواری ته‌ندرووستی ئاشكرایانكردووه‌، یه‌كێك له‌ باشترین رێگا بۆ باشكردنی ته‌ندرووستی دڵ و ژیان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر، گۆڕینی سیسته‌می خۆراكه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌سه‌ر زاری پزیشكێكی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ به‌ناوی لۆرا كور نووسیویه‌تی، له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی جه‌ڵته‌ی مێشك و دڵ، ئه‌و پزیشكه‌ چه‌ند رێنماییه‌ك ده‌داته‌ مرۆڤه‌كان، كه‌ رێژه‌ی مه‌ترسییه‌ بكوژه‌كان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خواردنی سه‌وزه‌، میوه‌، چه‌ورییه‌ ناتێر و سوودبه‌خشه‌كان، ماسی، چه‌ره‌زات و زه‌یتی زه‌یتووندا ده‌بینێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌ زانستییه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش باشترین سیسته‌می خۆراكییه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ چاڵاكییه‌كانی دڵ و مانه‌وه‌ی به‌ ته‌ندرووستییه‌كی باش:

ـ زۆر خورادنی سه‌وزه‌:

خواردنی 10 ژه‌م له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌، مه‌ترسی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و لووله‌كانی خوێن به‌ڕێژه‌ی یه‌ك له‌ سه‌ر سێ كه‌م ده‌كاته‌وه.

له‌كاتێكدا سه‌وزه‌ و میوه‌ بڕێكی زۆر ڤیتامین‌، مادده‌ ریشاڵه‌ییه‌كان‌ و ئۆكسیده‌كانی تێدایه‌ و سوودی راسته‌وخۆیان بۆ ته‌ندرووستی دڵ هه‌یه‌.

ـ پاراستنی هاوسه‌نگی له‌نێوان گۆشتی سوور و ماسی:

خواردنی رێژه‌یه‌كی زۆری گۆشتی سوور زیانی بۆ ته‌ندرووستی دڵ هه‌یه‌، ده‌كرێت ببێته‌ هۆی خوێن مه‌یین له‌ ناو لووله‌كانی خوێندا، له‌كاتێكدا خواردنی ماسی به ‌پێچه‌وانه‌وه یارمه‌تی پیارۆیشتنی خوێن به‌ لووله‌كاندا ده‌دات.

له‌م باره‌یه‌وه‌ لۆرای پزیشك ده‌ڵێت: "یاسای بنچینه‌ییی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێت هه‌فته‌ی له‌ 2 جار زیاتر گۆشتی سوور بخورێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا پێویسته‌ 2 تا 3 جار ماسی بخۆرێت، به‌ تایبه‌ت ماسییه‌ زه‌یتییه‌كانی وه‌ك سه‌ردین، سه‌له‌مون و توونه‌، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ماسیانه‌ به‌ ره‌گه‌زی ئۆمێگا 3 ده‌وڵه‌مه‌ندن، كه‌ سوودێكی زۆری بۆ ته‌ندرووستی له‌ش هه‌یه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی كاری پیاڕۆیشتنی خوێن به‌ لووله‌كاندا ئاسانتر ده‌كات".

- زه‌یته‌ سوودبه‌خشه‌كان:

گۆڕینه‌وه‌ی چه‌ورییه‌‌ تێره‌كانی وه‌ك: كه‌ره‌، په‌نیر، شیرنه‌مه‌نییه‌كان و گۆشتی سوور به‌ روونه‌ ناتێره‌كانی وه‌ك: زه‌یته‌ بۆنداره‌كان یانیش كاربۆهایدراتی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ مادده‌ ریشاڵه‌ییه‌كان باشترین رێگایه‌ بۆ باشكردنی ته‌ندرووستی دڵ.

ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێت: "هه‌موو كه‌سێك رێنمایی ده‌كه‌م بۆ به‌كارهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون و شه‌دان له‌ هه‌موو جۆره‌كانی دیكه‌ زیاتر به‌كار بهێنن و هه‌وڵ بده‌ن رۆژانه‌ دوو كه‌وچكی گه‌وره‌ له‌و جۆره‌ زه‌یتانه‌ بخۆن".

ـ كه‌مكردنه‌وه‌ی خوێ:

ئه‌و پزیشكه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی خوێی به‌كارهێنراو به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ هه‌موومان باشه‌، ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری خوێن كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ ته‌مه‌نداچوونی مرۆڤ ئه‌گه‌ره‌كانی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌ زیاتر ده‌بن".

ـ خواردنی هێلكه‌ و شیر:

له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی تویژینه‌وه‌كه‌دا، كه‌ له‌ سه‌ر 130 هه‌زار كه‌س ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆژانه‌ 2 ژه‌م یان زیاتر شیر یان ماستیان خواردووه‌، رێژه‌ی تووشبوونیان به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ 22% كه‌متر بووه‌ته‌وه‌‌ و جه‌ڵته‌ی مێشكیش به‌ رێژه‌ی له‌ 34% كه‌م ده‌كاته‌وه‌، وێڕای كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی مردن به‌ رێژه‌ی له‌ 23% به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ.

ئه‌و پزیشكه‌ ئامۆژگاری مرۆڤ ده‌كات، پێویسته‌ رۆژانه‌ هه‌ر كه‌سێك به‌لایه‌نی كه‌م 2 هێلكه‌ بخوات، له‌كاتێكدا نابێت به‌رهه‌مه‌ ماست و شیره‌مه‌ننییه‌كان فه‌رامۆش بكرێت كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆری كالسیۆم و پۆتاسیۆمی تێدایه‌ و سوودێكی زۆری بۆ ته‌ندرووستی دڵ هه‌یه‌.

H.B