تیمێکی بی بی سی لە دواساتدا لەدەست "خوێنمژەکان" رزگار دەکرێن

"سەر و ئەندامی زاوزێی منداڵ بۆ جادوو بەکاردەهێنن"

K24 – هه‌ولێر:

تیمێکی کەناڵی بی بی سی بۆ ئەنجامدانی کارێکی دۆکۆمێنتەری لەسەر نەریتی کوشتنی منداڵان دەچنە وڵاتی مالاوی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، بەڵام بە گومانی ئەوەی ئەم تیمە "جادووگەر"  و "خوێنمژن(ڤامپایەر)" هەوڵی کوشتنیان دەدەن.

چەند کەسێک لە مالاوی بەبیانووی ئەنجامدانی جادووی رەش، ئەندامی جیاوازی منداڵان لێدەکەنەوە و بۆ جادوو بەکاریدەهێنن، ئەو کەسانەی دەبنە کڕیاری ئەم جادووگەرانەش، داوای پارە و دەسەڵات دەکەن.

بی بی سی زانیبووی، لای ئەو جادووگەرانە، سەر و کۆئەندامی زاو زێی منداڵان بە سوودترینن بۆ سەرکەوتنی جادووەکە، هەروەها، مژینی خوێنی سەری منداڵەکان بەشێکی ترە لە پڕۆسەی جادووەکە.

کاتێک تیمەکەی بی بی سی بە نهێنی لەگەڵ یەکێک لەو جادووگەرانە دادەنیشن و ئەویش باسی وردەکارییەکان دەکات، گروپێک لە خەڵکی گوندەکە پێیان دەزانن و بەبیانووی ئەوەی ئەو تیمە کۆمەڵێک "جادووگەری خوێنمژ و بکوژن"  بۆ کوشتنیان دێنە ماڵی جادووگەرەکە.

خەڵکی گوند بە چەقۆ و بەرد لە ماڵەکە نزیکدەبنەوە، بەڵام تیمەکە خۆشبەخت دەبن و زوو پێیان دەزانن. لەبەرئەوەی کاتی هێرشی گوندنشینان شەو بووە و دونیا تاریکبووە، تیمەکە بە راکردن بەرەو شوێنێکی تاریکی دوور لە گوندەکە هەڵدێن، پاشان پۆلیس بەهانایانەوە دەچن و رزگاریان دەکەن.

یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە برینداربووە و ئۆتۆمبێلەشیان زیانی زۆری پێگەشتووە.

بەمجۆرە لێکۆڵینەوەی ئەو تیمەی بی بی سی لەسەر ئەو بازرگانییە نامرۆڤانەی بەشێکی خەڵکی مالاوی بە تەواوی ئەنجام نەدرا و بە تەواونەکراوی مایەوە.

H.J