ته‌نهایی نه‌خۆشیی به‌دواوه‌یه‌

هەواڵێکی ناخۆشه‌ بۆ سینگڵەکان

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی توێژینەوەیه‌كی زانکۆکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوستڕالیا، ئەو کەسانەی به‌ ته‌نهان ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە لەوانەی کە ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێناوە.

دەزگای میدیایی سکای نیوزی بەریتانی، لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بە 34 لێکۆڵینەوە لە ماوەی 52 ساڵی رابردوو دەکات کە لەلایەن 77 گروپی توێژینەوە لە زانکۆکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا ئەنجامدراون و باس لە کاریگەریی هاوسەرگیریی لەسەر تەندروستی دڵ دەکەن.

بەگوێرەی توێژینەوەکان، ئەو کەسانەی کە تەنهان جا بەهۆی پێکنەهێنانی ژیانی هاوسەرگیریی بێت یاخود جیابووەنەوە، بە رێژەی 42% ئەگەری تووشبوونیان به‌ نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە.

هەروەها ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ته‌نها ده‌ژین بە رێژەی 55%، ئەگەری توشبوویان بە جەڵته‌ی دڵ زیاترە لەوانەی ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێناوە.

فیۆ کیاو مینت، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەبێردینی سکۆتلەندا، لەبارەی پەیوەندی ژنهێنان و نەخۆشییەکانی دڵ گوتی: "چەند هۆکارێک هەن کە شیدەکەنەوە بۆچی ئەوانەی ژنیان هێناوە کەمتر دووچاری نەخۆشی دڵ دەبن".

ئەو پرۆفیسۆرە زیاتر دوا: "ئەو کەسانەی ژنیان هێناوە، خواردن باشتر دەخۆن و شێوازی ژیانیان تەندروست ترە، بۆ نموونە، هاوسەران هانی یەک دەدەن کە کێشیان دابەزێنن بۆ ئەمەش هەوڵدەدەن زیاتر وەرزش بکەن. هەروەها هاوسەران زیاتر هانی یەک دەدەن لەکاتی نەخۆشی سەردانی پزیشک بکەن، بۆ نموونە، نەخۆشییەکی سادەی وەک دڵە کزە ئەگەر خەمی لێ نەخۆی، ئەگەری تووشبون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات".