ئەمەریکییەکان "هەینی رەش" سوور دەكەن

كوژراو و بریندار ھەن

K24 – هه‌ولێر:

دوێنی ''هەینی رەش'' بوو لە ئەمەریکا کە تیایدا داشکاندن بۆ چەندین کاڵای جیاواز دەکرێت لە سوپەر مارکێت و مۆڵەکان و هاووڵاتیانش دەیانەوێت بە کەمترین پارە، زۆرترین کاڵا بکڕن.

ئەمساڵ ئەمەریکییەکان، تەنها لە رێگای ئۆنڵاین، سێ ملیار و 700 ملیۆن دۆلاریان لەو رۆژەدا خەرجکردووە کە بە بەروارد بە ساڵی پار 800 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.

لێشاوی کڕیاران، پشێوی و شەڕی لە چەند مۆڵێک دروست کردووە و بەهۆیەوە کۆمەڵێک کەس بریندارکراون و تەنانەت کوژراویش ھەن.

لە ویلایەتی ئەلاباما، دوو کەس لەسەر کڕینی شتەکان دەبێتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا یەکێکییان کە تەمەنی 21 ساڵە، كەسێكی دیكەی 18 ساڵە بە دەمانچە برینداردەکات، هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە، کچێکی 12 ساڵان برینداربووە، بەڵام پۆلیس بۆ کۆتایهێنان بە شەڕەکە ناچارە تەقەکەرەکە بکوژێت.

جیا لەو شەڕە، چەندین شەڕی دەستەویەخەی دیکە لەسەر کەلوپەلە جیاوازەکانی وەک مەنجەڵ، تاوە، فڕن و تەلەڤزیۆن دروستبووە و خەڵکێکی زۆر برینداربوون.

هەینی رەش بەشێکە لە جەژنی سوپاسگوزاریی ئەمەریکا کە تیایدا خێزانەکان کۆ دەبنەوە و خوانێکی گەورە کە قەل خواردنە سەرەکییەکەیەتی ئامادە دەکەن.

H.J