توێژینەوەیەك باشترین کات و وەرزی دروستکردنی منداڵ دیار دەکات

رێنمایی ئەو ھاوسەرانە دەكات كە دەیانەوێت منداڵ دروست بكەن

K24 – هه‌ولێر:

توێژەران لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێیاندا باشترین کاتی جووتبوون بۆ ئەو ھاوسەرانە دیار دەکەن کە دەیانەوێت منداڵێکی تەندروستیان ببێت.

چەند شارەزایەکی بواری منداڵبوون لە نەخۆشخانەی زانکۆی زیورخی سویسڕا، لە توێژینەوەیەکیاندا کە لەسەر سپێرمی 7 هەزار و 68 پیاو ئەنجامدراوە، ئاشکرایان کردووە کە سپێرم سیستەمی 24  کاتژمێری بەکاردەهێنێت و لە بەیانیان زوودا، لە بەرزترین ئاستی کاریگەریدایە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەو شارەزایانە دەریانخستووە، بەیانیان کاتژمێر 7:30 و لە مانگەکانی سێ، چوار و پێنجدا، سپێرمی پیاوان لە رووی قەبارە و شێوەوە تەواو تەندروستن و ئەگەری پیتاندن زۆر زیاد دەکەن.

دکتۆر بریگیت لینێرس، بەرێوبەری توێژینەوەکە، زانیاری زیاتری ئاشکرا کردوە و رایگەیاندووە: "کوالیتی سپێرمی پیاوان لە کاتژمێرەکانی شەو و رۆژدا وەك یەك نین. باشترین کوالیتی سپێرم لە بەیانیاندایە کە ئەگەری پیتاندنی سرووشتی زۆر زیاد دەکات".

ئەو پزیشکە پێشی وایە، ئەو کەسانەی بەدەست نەزۆکی دەناڵێنن، گەر لەو کاتە سەرجێی بکەن کە پزیشکان دیاریان کردووە، ئەگەری دروستکردنی منداڵیان زیادتر دەبێت.

H.J