ھۆشداری لەبارەی گوڵ و رووەكی ماڵان دەدرێت

چەندین جۆریان ژەھراوین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زۆر لە ھاووڵاتیان و بەتایبەت خانمان خولیای په‌روه‌رده‌كردنی گوڵ و چەندین جۆری رووه‌كی سرووشتین لە ماڵەکانیان، بەڵام لە 50% ئەو گەڵا و رووەکانە ژەھراوین و ھەستیان پێناکرێت، تا ئەوکاتەی کەسێك یان ئاژەڵێكی ماڵی بیخوات و ژه‌هراوی بێت یان ئەو شیرەی لەسەر گەڵا و لاسکەکانی دەرژێت بەردەست بکەون. شارەزایانی بواری کشتوکاڵی ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتیان تا ئاگاداربن لە شوێنی دانانی ئەو جۆرە گوڵانە، بە تایبەت دوور لە دەستی منداڵان.

جوانی و سەرنجراکێشی رەنگ و گەڵاکانی ھێندە فریودەرانەیە کە مەترسی ژەھرەکەی لەبیرکراوە، رووەکی  پۆینسێتیا، کرۆتۆن، دفنباخیا، گوێچکە فیل و چەندین جۆری دیکەی ئه‌و گوڵ و رووه‌كانه‌ی، زۆر لە ھاووڵاتیان لە ماڵەکانیان بۆ جوانكاری په‌روه‌رده‌یان دەکەن، نایزانن كه‌ ژه‌هراوین، پسپۆرانی بواری رووەك ناسی مەترسییەکانی ئەو جۆرە رووەکانە بە کوشندە ناودەبەن و به‌ پێویستی ده‌زانن، شەتڵگەکان زانیاریی تەواو لەسەر ئەو رووەکانە بدەن بە کڕیاران و تا دور لە دەستی منداڵ و ئاژەڵی ماڵی دابندرێن و نه‌بنه‌ هۆكاری ژه‌هراوی بوون.

دكتۆر عه‌لی عوسمان، کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکان بە كوردستان24 راگەیاند: "رووەكی دفن باخیا یەكێكە لە رووەكە جوانەكان لە ھەمانكاتدا ژەھراوییە، ئەگەر ھەركەسێك بیخوات یان دەیكوژێت یان ناتوانێ جارێكی دیكە قسە بكاتەوە".

بەشێك لەو شەتڵگانەی لە ناو شارو لە دەرەوەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان هه‌ن، چەندین جۆری گوڵ و درەخت له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی کوردستان ده‌كه‌ن یان بەرھەمیان دەھێنن، کە پێویستی بە چەندین رێنمایی و زانیاری ھەیە لەسەر چۆنیەتی په‌روه‌رده‌كردن و شوێنی دانانیان تا ھاووڵاتیان ئاگاداربن.

ژیلە یاسین، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ لەو بارەوە دەڵێ: "ھەندێك گوڵ ھەن مادەیەكی وەك شیریان تێدایە كە ژەھراویە و بۆ منداڵ خراپە، كاتێك كڕیاران دێن بیكڕن پێیان دەڵێم ئەگەر منداڵتان ھەیە مەیكڕە یان نابێ منداڵان لێی نزیك ببنەوە".

بەرێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی لە رێگەی کەسانی شارەزا بە ھاوکاری مامۆستایانی زانکۆ چاودێری ئەو جۆرە درەخت و گوڵانە دەکەن، کە لە شوێنە گشتییەکان دەچێنرێن، تا ئەو جۆرانەی ژەھراوین لەو شوێنانە دانەنرێن یان دووربن لە دەستی مرۆڤ و ئاژەڵ.

ھاوژین عوسمان، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان ئاماژە بەوە دەكات: "ئەو گوڵانەی كە كڕیومانە یان خۆمان بەرھەممان ھێناوە لێكۆڵینەوەمان كردووە كە ئەو گوڵانە چۆنن و چۆن بەرھەم دەھێندرێن، ھەروەھا دەمانەوێت بزانین حاڵەتی نەخۆشییەكانی چین، بەڵام زۆر دار ھەیە لە شوێنەكانی دیكە دەفرۆشرێن زۆر جوانن رەنگە ئەو رووەكانە ژەھراوی بن، بۆیە پێویستە كڕیاران پێش كڕینی زانیارییان لەبارەوە ھەبێت".

ھ.م