ئەو 9 گۆڕانکارییەی ئافرەتان پێشبینی ناکەن لە دوای دووگیانبوون بەسەریاندا بێت

بزانە چ حاڵەتێک ئاساییە و چ حاڵەتێکیش مەترسیدارە

K24 – هه‌ولێر:

لەدوای منداڵبوون، ژنان رووبەڕووی چەند گۆڕانێکی فیزیکی و دەروونی دەبنەوە کە رەنگە بۆ هەندێکییان تەواو نامۆ و نەبیستراوبن.

پێگەی ئەلیکترۆنی بێزنس ئینسایدەر، گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە دەخاتەڕوو کە رەنگە ژنان دوای دووگیان بوون دوچاریان ببێت.

هەڵوەرینی قژ

کۆلێژی تەندروستی ژنان و منداڵبوون لە ئەمەریکا (ئەی سی ئۆ جی) ئاشکرایکردووە، ژنان لە دوای دووگیانی بەهۆی گەڕانەوەی ئاستی هۆرمۆنیان بۆ رێژەی ئاسایی خۆی قژیان هەڵدەوێرێت. لە ماوەی دووگیانی، سووڕی گەشەی قژ دەگۆڕێت، واتە ژنان قژیان زیاتر و زووتر گەشەدەکات، بۆیە کاتێک ئەو سووڕە ئاسایی دەبێتەوە، هەڵوەڕینی قژ دەستپێدەکات. پزیشکان پێیان وایە هەڵوەرینی قژ لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگی دوای دووگیانی شتێکی ئاساییە، بەڵام لەوە زیاتر، دەبێت ژنەکە سەردانی پزیشک بکات.

گۆڕینی شێوەی ورگ

گرنگ نییە پێش دووگیانی ورگت چەند رێک و پتەو بووبێت، لە دوای دووگیانی، وەک "تەشتێک جەلی" لێدێت. پزیشکان داوا دەکەن ژنان بۆ رێکردنەوەی ورگیان لانی کەم شەش هەفتە هیچ جۆرە وەرزشێک نەکەن، چونکە ورگ ئەو حاڵەتە وەک "زەبرێک" پێناسەدەکات. دوای شەش هەفتە، باری ورگت ئاسایی دەبێتەوە، دەشتوانی دەست بە وەرزشبکەیتەوە.

هەڵئاوسانی دەموچاو و قاچەکان

ئەگەرچی لەکاتی دووگیانی، شلەیەکی زۆر لەدەست دەدەیت، بەڵام لەشت لەماوەی تەواوی پرۆسەکە، بڕێکی زۆر ئاو دەهێڵێتەوە و دەیپارێزێت. ئەمەش وادەکات میزکردن و ئارەقکردنت زیادبکات. هەر ئەم پارێزی ئاوە لەلایەن لەشی ژنی دووگیان رەنگە ببێتە هۆی هەڵئاوسان لە ئەژنۆ، قاچەکان، دەستەکان و دەمووچاو. خواردنەوەی ئاوی زۆر و ئەنجامدانی وەرزشی سووک، یارمەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدات.

تێکچوونی پێست

دوای دووگیان بوون، هەندێک هێڵی رەشباو و ناڕێک لە ورگدا دەردەکەون، بەڵام ئەمە مایەی خەمباری نییە، چونکە تاکە هۆکاری ئەمە، گەڕانەوەی هۆرمۆنە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی و ئەو هێڵانە زۆریان بە تێپەڕبوونی کات نامێنن.

سووری مانگانە زیاددەکات

بەگوێرەی نووسینگەی تەندروستی ژنان لە ئەمەریکا، ژنان چەند هەفتەیەک دوای دووگیان بوون دووچاری خوێنبەربوون دەبن بەجۆرێک وا هەستدەکەن کە ئەو حاڵەتە هەرگیز تەواو نابێت، بەڵام ئەو حاڵەتە ئاساییە و دوای چەند هەفتەیەک نامێنێت.

رەقبوونی مەمک

ئەگەر پلانت هەیە شیری خۆت بدەیتە منداڵەکەت، ئەوا دەبێت چەند رۆژێک چاوەڕێبکەیت تاکو سینگت شیر دروست دەکات، بەڵام لات ئاسایی بێت لەکاتی دروستبوونی ئەو شیرە، مەمکت زۆر توند و پڕ دەبێت، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و مایەی نیگەرانی نییە، بەتێپەڕبوونی کات دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

دەستنەدانە شتی قورس

بەگوێرەی یەکێتی دووگیانی ئەمەریکا، نابێت ژنان دوای دووگیانبوون بە ماوەیەک، دەستبدەنە شتی قورس، چونکە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی برین لەناوەوەی لەشدا. دەبێت چاوەڕێی وەڵامی پزیشکبن بەوەی کەی دەتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی کارەکانیان بکەن.

تێکچوونی باری دەروونی

بەهۆی گۆڕانکاری هۆرمۆنیی، رەنگە ژنان دوای پرۆسەی بەژیان گەیاندنی کۆرپەلە، دووچاری کەمخەوی و خەمۆکی ببنەوە، بۆیە هەرگیز هەستەکانت مەشارەوە و هەرکاتێک ویستت بگری. ئەگەر رێژەی خەمۆکییەت زۆر بوو دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت. بەڵام ئەمە بۆ هەموو ژنێک راستنییە، هەندێک لە ژنان دڵخۆش دەبن و کێشەی خەمۆکییان نابێت.

ئارەقەکردن

ئارەقکردن لە شەواندا شتێکی ئاساییە چونکە ئەوە بەهۆی دەردانی ئاوی زیادەی لەشە لەلایەن لەشەوە کە بەهۆی گۆڕینی رێژەی هۆرمۆن دروستبووە.

H.J